فێرخوازانی بەشى بایۆمیدیکاڵ پشکنینی پزیشکیی بێبەرامبەر لە فیستیڤاڵی ڕەمەزاندا ئەنجام دەدەن
بە سەرپەرشتی سەرۆکایەتی بەش، گرووپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەم و چوارەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشدارییەکی کارایان لە یەکەمین ڕۆژی “یەکەمین فیستیڤاڵی ڕەمەزان” لە بازاڕی شەقامی هەولێر کرد.
لەو فیستیڤاڵەدا، کە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (٢٣ی شوباتی ٢٠٢٦) بە فەرمی کرایەوە. لە مەراسیمی کردنەوەی فیستیڤاڵەکەدا بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکی دەستەی ئەمیندارێتی زانکۆکانی جیهان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بەڕێوەچوو، فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ چەند چالاکیەکى جۆراوجۆریان ئەنجامدا.
لە میانی چالاکییەکەدا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر هەڵمەتێکی پشکنینی تەندروستیی بێبەرامبەریان بۆ سەردانیکەرانی فیستیڤاڵەکە ئەنجامدا، کە تێیدا پشکنینی ڕێژەی شەکرە لە خوێن، پێوانەکردنی پەستانی خوێن، دیاریکردنی گرووپی خوێن و هەژمارکردنی بارستایی جەستە (BMI) بۆ هاوڵاتیانیان ئەنجامدا پاشانیش .ئەنجامی پشکنینەکانیان بۆ بەشداربووان شیکردەوە و کۆمەڵێک ڕێنمایی تەندروستییان دەربارەی “ڕۆژووی سەلامەت” پێشکەش کردن، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر چۆنیەتی پاراستنی باری تەندروستی لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستیی گشتی لە شاری هەولێر دەبێت.
فیستیڤاڵەکە لە ٢٣ی شوبات تاوەکو ١٩ی ئازاری ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت. بە ئامانجی ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ بازرگانان و دروستکردنی کەشێکی خێزانییە بۆ مانگی ڕەمەزان.







