فێرخوازانی بەشى تەکنیکى دروستکردنى ددان چالاکییەکی هۆشیاری لە ئامادەیی شەهید فاخر مێرگەسۆری ئەنجام دەدەن
گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی تەکنیکى دروستکردنى ددان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (١٥ی شوباتی ٢٠٢٦)، چالاکییەکی هۆشیاریی تەندروستییان لە ئامادەیی “شەهید فاخر مێرگەسۆری” لە شاری هەولێر ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (سووزیار عومەر) بەڕێوەچوو، کە تێیدا لەلایەن خاتوو (چیمەن حوسێن نەبی) بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە بە گەرمی پێشوازی لە شاندی فێرخوازان کرا و دەستخۆشی لەم هەماهەنگییە زانستیەى بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستی قوتابیان کرد.
بەرنامەی چالاکییەکە سەرەتا بە پێشکەشکردنی سیمینارێکی تێروتەسەل دەربارەی گرنگیی پاراستنی تەندروستی دەم و ددان دەستپێکرد، کە تێیدا فێرخوازانی زانکۆ تیشکیان خستە سەر ڕێکارە خۆپارێزییەکان بۆ پاراستنی پووک و ددان لە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان. هەروەها، فێرخوازان بە شێوەیەکی پراکتیکی و لە ڕێگەی بەکارهێنانی مۆدێلی فێرکاریی دەم و ددان (Educational Models)، شێوازە ستاندارد و دروستەکانی پاکوخاوێنی ڕۆژانەیان بۆ قوتابیان نمایش کرد، تاوەکو لە نزیکەوە ئاشنای هەنگاوە زانستییەکانی چاودێریکردنی دەم و ددان بن و ڕێگری لە کلۆربوونی ددانەکانیان بگرن.
لە بەشێکى دیکەی چالاکییەکەدا، فێرخوازانی تەکنیکى دروستکردنى ددان ڕوونکردنەوەی وردیان دەربارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەدەستدانی ددان لە ڕووی جوانکاری (Aesthetic) و کارکردنی جەستەیی (Function) پێشکەش کرد. هاوکات، باسیان لە ڕێگەکانی قەرەبووکردنەوەی ددانە لەدەستچووەکان کرد و، ڕۆڵی دروستکردنى ددان و تاقمە ددانەکان (Dental Prostheses) ڕوون کرایەوە وەک جێگرەوەیەکی گونجاو کە دەتوانێت هەمان ئەرکی ددانی سروشتی جێبەجێ بکات و سیمایەکی جوان بە دەموچاو ببەخشێتەوە.
ئەم چالاکییە بە گفتوگۆیەکی کراوە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی قوتابیان کۆتایی هات، کە یارمەتیدەر بوو بۆ چەسپاندنی زانیارییە تەندروستییەکان لای نەوەی نوێ.







