فێرخوازانی بەشى تەکنیکەکانی چاودێری چاو و بینین هەڵمەتێکی پشکنینی چاویان بۆ قوتابیانی ئامادەیی ساڤا ئەنجامدا
لە چوارچێوەی چالاکییە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی بەشى تەکنیکەکانی چاودێری چاو و بینین، ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (4/2/2026)، هەڵمەتێکی تەندروستییان بۆ پشکنینی چاوی قوتابیانی ئامادەیی (ساڤا)ی ناحکومی ئەنجامدا.
ئەم هەڵمەتە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (عومەر عادل محەمەد عەلی) سەرۆکی بەش، بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری عەنکاوە ئۆپتیک (Ainkawa Optics) و بە پاڵپشتیی (هۆشمەند سەهەند) بەڕێوەبەر و سەرۆکی ئەنجومەنی ئەمیندارانی کۆمەڵەی پەروەردەیی ساڤا بەڕێوەچوو.
لە میانی ئەم هەڵمەتەدا، فێرخوازانی بەشەکە چەندین پشکنینی وردی ئەلیکترۆنییان بۆ چاوی قوتابیانی ئامادەییەکە ئەنجامدا، هاوکات چەندین ڕێنمایی و ئامۆژگاریی تەندروستییان سەبارەت بە پاراستنی چاو و شێوازەکانی چاودێریکردنی بینین پێشکەش بە قوتابیان کرد. هەروەها، کورتەیەکیان لەبارەی پسپۆڕیی تەکنیکی چاو و گرنگییەکەی لە کەرتی تەندروستیدا بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، هۆشمەند سەهەند دەستخۆشی ئەم دەستپێشخەرییە لە فێرخوازان کرد و، جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی نێوان کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا کردەوە، بە مەبەستی خزمەتکردنی کۆمەڵگە، هەروەها سەرسامیی خۆی بە هەوڵ و تواناکانی فێرخوازان و کارلێکە ئەرێنییەکانیان دەربڕی.








