فێرخوازانی بەشى تەکنیکەکانی چاودێری چاو و بینین چالاکیەکى هۆشیارییان لە قوتابخانەی جیهانی نێودەوڵەتی ئەنجام دا
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (٢٢/٢/٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی یەکەمی بەشی تەکنیکەکانی چاودێری چاو و بینی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکییەکی هۆشیارییان بە ناونیشانی “گرنگیی پاراستنی ژیان لەسەر زەوی” لە قوتابخانەی جیهانی نێودەوڵەتی ڕێکخست.
ئەم دەستپێشخەرییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (عومەر عادل محەمەد عەلی) سەرۆکی بەش و بە هەماهەنگی لەگەڵ (مەحمود عیماد محەمەد) بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ئەنجامدرا، لەو چوارچێوەیەدا سەرەتا فێرخواز (ئامینە غازی عەباس) چەمکی پاراستنی ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکانی بۆ قوتابیان ڕوون کردەوە و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی تاک لە پەیڕەوکردنی ڕەفتاری ئەرێنیدا. دواتر فێرخواز (نەورەس غانم عوبەید) باسی لە دەستگرتن بە ئاوەوە و پاراستنی پاکوخاوێنی گشتی کرد و لە ڕێگەی گفتوگۆی کارلێکەرەوە قوتابیانی لە گرنگیی کەمکردنەوەی ماددە زیانبەخشەکان ئاگادار کردەوە. هاوکات، فێرخواز (ئالاء ئەکرەم عەبدولکەریم) چەندین یاریی پەروەردەیی و چالاکیی پراکتیکی بۆ قوتابیان ڕێکخست کە تیشکیان دەخستە سەر پاراستنی ژینگەى سەوزایی و زیندەوەران، کە ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر چەسپاندنی زانیارییەکان لای منداڵان هەبوو.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، بەڕێوەبەری قوتابخانەی جیهانی نێودەوڵەتی سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆکایەتی بەش و فێرخوازانی زانکۆ کرد بۆ بەڕێوەبردنى ئەو چالاکیە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە چالاکییانە دەبنە هەوێنێک بۆ بونیادنانی نەوەیەکی هۆشیار کە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە کۆمەڵگە و ژینگەکەی هەست پێ بکات.







