فێرخوازانی بەشى زمانی ئینگلیزی پراکتیزەى پرۆسەی پەیوەندیکردن لە ژینگەی کار ئەنجام دەدەن
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (٢٤ی شوباتی ٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان–هەولێر کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە (سەبا ئەیاد عەبدولوەهاب، سارە حەبیب ئەحمەد، و ڕاوێژ شێرزاد حەمەد)، سەردانێکی زانستیی مەیدانییان بۆ بەشی خزمەتگوزاریی کڕیاران لە هەردوو ناوەندی بازرگانی (گڕاند ماجیدی مۆڵ) و (گوڵان مۆڵ) لە شاری هەولێر ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (زینە مەحمود ئەمین) بەڕێوەچوو، لە میانی سەردانەکەیاندا، فێرخوازان لەگەڵ کارمەندانی بەشی خزمەتگوزاریی کڕیاران (فەرهاد ئەحمەد لوقمان، ئەحمەد محەمەد ڕەسوڵ، و شوڕش عوسمان عەزیز) کۆبوونەوە. فێرخوازان چەندین پرسیاری پسپۆڕییان ئاراستە کردن کە تایبەت بوون بە شێوازەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ سکاڵای کڕیاران، جۆری ئەو کێشانەی دەبنە مایەی گەڕاندنەوەی کاڵا یان وەرگرتنەوەی پارە و، ئەو بەڵگەنامە فەرمییانەی کە پێویستن بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکان. کارمەندانی مۆڵەکان ڕوونکردنەوەی وردیان دەربارەی پرۆسەی پەیوەندیکردنی زارەکی و نووسراو پێشکەشى فێرخوازان کرد، هەروەها هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بۆ فێرخوازان شیکردەوە، کە تێیدا نموونەی هەندێک کاڵای زیانلێکەوتوویان بە فێرخوازان نیشان دا کە شیاوی گەڕاندنەوە بوون.
لە کۆتایی سەردانەکەیاندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر گفتوگۆیەکی زانستییان لە نێوان خۆیاندا ئەنجامدا دەربارەی جیاوازی و هاوشێوەییەکانی سیستمی پەیوەندیکردن لە نێوان هەردوو مۆڵەکەدا. ئەم چالاکییە ئاستی تێگەیشتنی فێرخوازانی بۆ بابەتی (Communication Skills) بەهێزتر کرد و وای لێ کردن لایەنە تیۆرییەکانی ناو پۆل لە ژینگەیەکی کاری ڕاستەقینەدا ببینن.







