فێرخوازانی بەشى زمانی ئینگلیزی کارامەییەکانی ئاخافتن لەگەڵ هاوڵاتیاندا پەیڕەو دەکەن
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (٢٢ی شوباتی ٢٠٢٦)، گرووپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکییەکی مەیدانییان بۆ ئاخافتن لەگەڵ هاوڵاتیان لە چەندین شوێنی جیاوازی شاری هەولێر وەک چێشتخانە و فرۆشگاکان ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستا (پۆڵا تەحسین محەمەد) سەرۆکی بەش بەڕێوەچوو، کە تێیدا فێرخوازان (مەریخ سامان عوسمان، تەوار ئەنوەر عەزیز، و دلبرین لەزگین عومەر) بەشدارییان تێدا کرد. لە میانی ئەم چالاکییەدا، فێرخوازان لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە (بەپێی تەمەن، ڕەگەز، پیشە و ئاستی ڕۆشنبیری) کەوتنە گفتوگۆ و چەندین پرسیاریان دەربارەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز ئاراستە کردن. تەوەرەکانی گفتوگۆکە چەندین بابەتی هەمەچەشن وەک: گرنگیی مانگی ڕەمەزان، ئەزموونە کەسییەکان، گۆڕانکاری لە خشتەی ژەمی خۆراکی و خەو و چۆنیەتی ئەنجامدانی پەرستە ئاینییەکانی لەخۆگرتبوو. فێرخوازان بە وردی پابەندی بنەما زانستییەکانی ئاخافتن بوون کە لە ناو پۆلدا خوێندوویانە، لەوانە بەکارهێنانی دەستەواژەی گونجاو و ڕەچاوکردنی ئیتیکەکانی گفتوگۆ، کە ئەمەش بووە هۆی دروستکردنی کەشێکی ئەرێنی و کارلێکەری بەهێز لەگەڵ هاوڵاتیاندا.
ئەم ئەزموونە مەیدانییە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بەرزکردنەوەی متمانەبەخۆبوونی فێرخوازان هەبوو بۆ ئاخافتن لەگەڵ کەسانی نەناسراو و پەرەپێدانی کارامەیی زمانەوانییان. فێرخوازان خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەم جۆرە فێربوونە پراکتیکییە دەربڕی کە یارمەتیدەرە بۆ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی وشەکانیان. لە کۆتایی هەر گفتوگۆیەکدا، فێرخوازان بە شێوازێکی شایستە ماڵاواییان لە هاوڵاتیان دەکرد و وێڕای هیوای ڕەمەزانێکی پڕ خێر و بەرەکەت، کارتی پیرۆزبایی تایبەت بەو مانگەیان وەک دیاری پێشکەش دەکردن.







