فێرخوازانی بەشى شیکاری کیمیایی پزیشکى چالاکییەکی زانستی و هۆشیارییان لە قوتابخانەی (ساڤا) ئەنجامدا
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (5/2/2026) ، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستی و پەروەردەییان بۆ قوتابخانەی (ساڤا) ئەنجامدا.
شاندی زانکۆ لەلایەن (سەهەند مستەفا) بەڕێوەبەری قوتابخانە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. لە میانی سەردانەکەدا، فێرخوازانی زانکۆ چەمکی تاقیگە پزیشکییەکانیان بۆ قوتابیانی قوتابخانەکە ڕوونکردەوە و تیشکیان خستە سەر گرنگیی تاقیگە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان و پشکنینی کوالێتی خۆراک و ئاو. هەروەها ڕێسا و یاساکانی سەلامەتییان لە ناو تاقیگەدا بۆ ڕوونکردنەوە، بە ئامانجی سادەکردنەوەی زانست و دروستکردنی خولیا لەلای قوتابیان بۆ پسپۆڕییە زانستییەکان.
وەک بەشێک لە چالاکییە پراکتیکییەکان، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر چەند تاقیکردنەوەیەکی کیمیایی سەرنجڕاکێش ئەنجامدران، لەوانە کارلێکی نێوان پۆتاسیۆم پێرمەنگەنات – KMnO₄) و (هایدرۆجین پێرۆکساید (H₂O₂) تاقیکردنەوەکە بە شێوازێکی داهێنەرانە و چیرۆکئامێز پێشکەش کرا؛ تێیدا پۆتاسیۆم پێرمەنگەنات وەک “پاڵەوانە مۆرەکە” و هایدرۆجین پێرۆکساید وەک “ئاوە میهرەبانەکە” ناسێندران. لە ئەنجامی تێکەڵکردنیان، گازی ئۆکسجین بە شێوەی بڵق دەرچوو، کە ئەمەش سەرنجی قوتابیانی ڕاکێشا و تێگەیشتنیان بۆ کارلێکە کیمیاییەکان قووڵتر کرد.
هەر لەو چالاکییەدا، فێرخوازان چەند نامیلکەیەکی فێرکارییان بە ناونیشانی “پاڵەوانی تاقیگە” و چەندین دیاریی هێماییان بەسەر قوتابیاندا دابەش کرد. هەروەها دەرفەت بۆ قوتابیان ڕەخسێندرا کە جلی تاقیگە (لاب کۆت) بپۆشن و وێنەی یادگاری بگرن.
لایەنێکى دیکەی سەردانەکەدا، دانیشتنێکی هۆشیاری دەربارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری سۆشیاڵ میدیا و مۆبایل پێشکەش کرا، تێیدا تیمی فێرخوازانی بەشداربوو، کە پێکهاتبوون لە (شنیار یوسف حەمدەمین، ئایە عەبدوڵڵا محەمەد، ئەڤین قاسم محەمەد، و ئالان محەمەد فەلاح) باسیان لە زیانەکانی سۆشیاڵ میدیا و مۆبایل بۆ سەر تەندروستی، سەرنجدان و ڕەفتاری ڕۆژانە کرد.







