فێرخوازانی بەشى شیکاری کیمیایی پزیشکی پشکنینی تەندروستی و هۆشیاری پاکوخاوێنی بۆ قوتابیانی “گۆڵدن ستودێنتس” ئەنجام دەدەن
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (١١/٢/٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی، چالاکییەکی زانستی و هۆشیارییان لە قوتابخانەی “گۆڵدن ستودێنتس” لە هەولێر ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی یاریدەدەری تاقیگە (نوور عەبدولڕەحمان) بەڕێوەچوو، سەرەتا فێرخوازان کە پێکهاتبوون لە (سدرە شکر، میهرەبان ڕامیار، هیبە ئەمجد، ڕەفەل عومەر، عەبدولحەق عەبدولوەدوود و عەلی عومەر لەلایەن (یوسف محەمەد) بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، پاشان تیمی فێرخوازان چەندین پشکنینی پزیشکیی سەرەتاییان بۆ قوتابیان ئەنجامدا، لەوانە: دیاریکردنی گرووپی خوێن، پێوانەکردنی پەستانی خوێن و ڕێژەی شەکرە. هەر پشکنینێک بە پێی ستانداردە پزیشکییەکان ئەنجامدرا و هاوکات ڕوونکردنەوەی سادە و گونجاو لەگەڵ تەمەنی منداڵەکان درا دەربارەی گرنگیی ئەم پشکنینانە و چۆنییەتی خوێندنەوەی ئەنجامەکانیان، ئەمەش بووە مایەی ئاشناکردنی قوتابیان بە جیهانی پزیشکی.
جگە لە پشکنینەکان، فێرخوازان سیمینارێکی کارلێکەرییان دەربارەی “پاکوخاوێنی کەسی و دەستشۆردن” پێشکەش کرد و تێیدا هەنگاوە ڕاستەکانی دەستشۆردنیان بۆ قوتابیان نمایش کرد بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشییە گواستراوەکان. لە کۆتایی چالاکییەکەدا، فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر چەندین دیاریی ڕەمزییان بەسەر منداڵاندا دابەش کرد، کە بووە مایەی خۆشحاڵی و دروستکردنی کەشێکی ئەرێنی فێربوون لە ناو قوتابخانەکەدا.







