فێرخوازانی بەشى پەرستاری تەندروستیی کۆمەڵ لە نەخۆشخانەی باکى ئاشنای ژینگەی کلینیکی بوون
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (٩ی شوباتی ٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی پەرستاری تەندروستیی کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستی و مەیدانییان بۆ نەخۆشخانەی (باکى) ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی ئەکادیمی (پڕۆفیسۆر دکتۆر ئۆشا ڕانی کاندۆلا) ئەنجامدرا. لە سەرەتادا، شاندى زانکۆ لەلایەن (ئەیوب حەسەن) لێپرسراوی پەرستاری و نوێنەری نەخۆشخانە پێشوازییان لێکرا، دواتر کورتە باسێکى دەربارەی ستانداردە پیشەییەکانی کارکردن بۆ فێرخوازان باسکرد لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەى بە ژینگەی پیشەیی کلینیکی و قووڵکردنەوەی تێگەیشتنی فێرخوازان بۆ پیشەی پەرستاری لە ناو نەخۆشخانەدا کرد. لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا فێرخوازان بەشی فریاکەوتنیان بەسەرکردەوە و ئاشنای ڕێکارەکانی جیاکردنەوەی نەخۆش و پێشکەشکردنی چارەسەری خێرا بوون، کە تێیدا جەخت لەسەر خێرایی و کاری بەکۆمەڵ و پاراستنی سەلامەتی نەخۆش کرایەوە.
پاشان فێرخوازان بەشەکانی تەندروستیی دایک و منداڵیان بەسەرکردەوە، لەوێش ئاشنای خزمەتگوزارییەکانی پێش و پاش منداڵبوون بوون. لە بەشی منداڵاندا، تیشک خرایە سەر چاودێری پەرستاری بۆ گەشە و گەشەپێدان و کوتان و چۆنیەتی پەیوەندیکردنی کاریگەر لەگەڵ منداڵان و خێزانەکانیان.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای یەکەکانی دیکەی نەخۆشخانە و ڕێکارەکانی دۆکۆمێنتکردن و ڕێگری لە گواستنەوەی هەوکردن بوون، بۆ ئەوەش مامۆستاى سەرپەرشتیار بە ناوى سەرۆکایەتی بەشی پەرستاری تەندروستى کۆمەڵ سوپاسی کارگێڕی و ستافی نەخۆشخانەی باکى کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە زانستییە.






