فێرخوازانی بەشى پەرستاری تەندروستیی کۆمەڵ بەسەردانێکى زانستى بنکەی تەندروستیی نەورۆز بەسەرکردەوە
لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە ڕێکەوتی (١١-١٢ی شوباتی ٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی پەرستاری تەندروستیی کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستی و مەیدانییان بۆ بنکەی تەندروستیی نەورۆز بۆ ڕێنماییە سەرەتاییەکان لە هەولێر ئەنجامدا.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی (دکتۆر فیراس ئیسماعیل مستەفا) بەڕێوەچوو، شاندی زانکۆ سەرەتا لەلایەن (هەوار خورشید) بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستیی نەورۆز پێشوازییان لێکرا، کە تێیدا جەختی لە گرنگیی هەماهەنگی نێوان ناوەندە ئەکادیمییەکان و بنکە تەندروستییەکان کردەوە. لە میانی سەردانەکەدا، لێپرسراوی هۆبەی تەندروستی قوتابخانەکان ڕوونکردنەوەی وردی دەربارەی ئەرکەکانیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد، کە پشکنینی قوتابیانی نوێ و سەردانی خولیی بۆ قوتابخانەکانی ناوچەکە و بەدواداچوونی باری ڤاکسین و خۆراکی قوتابیان لەخۆ دەگرێت.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا فێرخوازان بەشێوەیەکى مەیدانى ئاشنای سیستمی دۆکۆمێنتکردن و تۆمارە فەرمییەکانی تەندروستی قوتابخانەکان بوون، لەوانە تۆمارەکانی ناو تۆمارکردن، فۆرمی گواستنەوەی نەخۆش، کارتی ڤاکسین و نەخشەکانی چاودێری گەشە. لە کۆتاییدا، مامۆستاى سەرپەرشتیار بەناوى سەرۆکایەتی بەشی پەرستاری تەندروستى کۆمەڵ سوپاسی بەڕێوەبەر و کادری بنکەی تەندروستیی نەورۆزی کرد بۆ ئەو پێشوازییە و هاوکارییە زانستییەی پێشکەشیان کردن.







