فێرخوازانی بەشى پەروەردەی گشتی باس لە گرنگى ڕێکخستنی کات و فێربوونی زمان لە ئامادەیی شەهید ماموون دەباغ دەکەن
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی (١٧ی شوباتی ٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی پەروەردەی گشتی (ELT) لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکییەکی زانستی و پەروەردەیی مەیدانییان بۆ قوتابیانی ئامادەیی شەهید ماموون دەباغی کچان لە شاری هەولێر ڕێکخست.
شاندی فێرخوازانی زانکۆ سەرەتا لەلایەن خاتوو (ڕێزان فارووق) بەڕێوەبەری قوتابخانە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان لە هۆڵى قوتابخانەکە بابەتێکیان بە ناونیشانی “ڕێکخستنی کات و فێربوونی زمانی ئینگلیزی بە شێوازێکی نوێ” پێشکەش بە قوتابیانی ئامادەییەکە کرد، بۆ ئەو مەبەستەش لە تەوەرەی یەکەمی سیمینارەکەدا، فێرخواز (یار ئومێد حەمید) بە ناساندنی گرووپەکە و تیشکخستنە سەر پاشخانی زانستیی بەشەکەیان لە زانکۆی جیهان دەستی پێکرد؛ ئینجا پێشەکییەکی گشتگیری دەربارەی گرنگیی گونجاندنی قوتابیان لەگەڵ ژینگەی نوێی خوێندن و پێویستیی ئامادەکاری بۆ قۆناغەکانی داهاتوو پێشکەش کرد. دواتر فێرخواز (شیوەر ڕوشدی محەمەد) تەوەری دووەمی پێشکەش کرد، کە تێیدا بە وردی باسی لە میکانیزمەکانی ڕێکخستنی کات کرد و ڕوونی کردەوە چۆن پلاندانانی دروست دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشاری دەروونی، هەروەها خشتەیەکی ٢٤ کاتژمێریی نموونەیی بۆ قوتابیان داڕشت کە تێیدا هاوسەنگی لە نێوان خوێندن، خەو، و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیادا دروست کرابوو.
لە تەوەرەی کۆتاییدا، فێرخواز (مازن شێروان مستەفا) چوارچێوەیەکی مۆدێرنی بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی خستە ڕوو، کە تێیدا جەختی لە گۆڕینی “شێوازەکانی فێربوون” کردەوە؛ ناوبراو ڕێگەی ناتەقلیدیی وەک بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکانی (تیکتۆک، یوتیوب، و ئینستاگرام) و ئەنجامدانی یارییە ئەلیکترۆنییەکانی بە زمانی ئینگلیزی وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ فێربوون پێشنیار کرد. چالاکییەکە بە دابەشکردنی نامیلکەیەکی ڕێنمایی لەژێر ناونیشانی “نەخشەی سەرکەوتنی قوتابی” کۆتایی هات.
لە کۆتاییدا مامۆستا ڕێزان فارووق، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، دەستخۆشی لەم دەسپێشخەرییە کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە گواستنەوەی زانیاری لە نێوان فێرخوازانی زانکۆ و قوتابیانی ئامادەیی کاریگەرییەکی ئەرێنی و هاندەرێکی گەورەی دەبێت بۆ پلاندانانی پاشەڕۆژی قوتابیان.








