فێرخوازانی بەشى چارەسەری سروشتی لە فیستیڤاڵی (هەولێر ستریت بازاڕ) پشکنین و چارەسەری فیزیایی بۆ هاوڵاتیان ئەنجام دەدەن
لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ڕێکەوتى (٢٥ و ٢٦ی شوبات/٢٠٢٦)، فێرخوازانی بەشی چارەسەری سروشتی لە زانکۆی جیهان–هەولێر، بەشدارییەکی کارایان لە فیستیڤاڵی (هەولێر ستریت بازاڕ)دا کرد.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر (تانیا سەلام) سەرۆکى بەشى چارەسەرى سروشتى بەڕێوەچوو، لە میانی فیستیڤاڵەکەدا، فێرخوازان هەڵسەنگاندنی کلینیکیی وردیان بۆ هاوڵاتیان و گەشتیاران و ڕێبواران و چارەسەرخوازان ئەنجامدا، ئەوەش وەرگرتنی مێژووی نەخۆشی، دیاریکردنی جۆری ئازار و پشکنینی شێوازی وەستان و جووڵەی لەخۆ گرتبوو. هەروەها فێرخوازان چەندین پشکنینی پزیشکییان وەک پێوانەکردنی مەودای جووڵەی جومگەکان (ROM) و تاقیکردنەوەی هێزی ماسولکەکانیان بۆ سەردانیکەران ئەنجامدا، تاوەکو لەسەر ئەو بنەمایە پلانی چارەسەری فیزیایی گونجاو بۆ هەر حاڵەتێک دیاری بکەن. هاوکات، ڕێنمایی هۆشیاری دەربارەی شێوازی دروستی دانیشتن و کارکردن (Ergonomics) و ڕاهێنانی وەرزشیی ماڵەوە بە هاوڵاتیان درا.
هەر لە ناو هەڵمەتەکەدا، فێرخوازان بە شێوەیەکی پراکتیکی چەندین ئامێری چارەسەرییان بەکارهێنا، وەک: تەکنیکی (TENS) بۆ کەمکردنەوەی ئازار، ئامێری تیشکی ژێر سوور و شەپۆلە دەنگییەکان (Ultrasound) بۆ چالاککردنی سووڕی خوێن و، تەکنیکەکانی لەیزەر و چارەسەری موگناتیسی بۆ چاکبوونەوەی شانەکان.








