فێرخوازانی بەشى ڕاگەیاندن سەردانی ڕۆژنامەی “خەبات”یان کرد
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (١٣/١/٢٠٢٦)، گروپێکى فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود)، سەردانی بنکەی سەرەکی ڕۆژنامەی “خەبات”یان لە شاری هەولێر کرد.
لە سەرەتای سەردانەکەدا، شاندەکەی زانکۆی جیهان لەلایەن (شکار نەقشبەندی) بەرپرسی بەشی دیزاینی ڕۆژنامەکە پێشوازییان لێکرا، پاش پێشوازیکردن ئینجا کورتەیەکی لەبارەى مێژووی پڕ لە سەروەریی ڕۆژنامەی “خەبات” و، ئەو وێستگە و گۆڕانکارییە تەکنیکی و پیشەییانەی بۆ فێرخوازان ڕوون کردەوە، کە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا بە ئەمڕۆ بەخۆیەوە بینیونی.
لە بەشێکی دیکەی ئەم گەشتە زانستییەدا، فێرخوازان بەشە جیاوازەکانی ڕۆژنامەکەیان بەسەر کردەوە. لە بەشی نووسین، لە نزیکەوە ئاگاداری قۆناغەکانی ئامادەکردنی هەواڵ، وتار، وردبینی زمانەوانی و میتۆدەکانی دڵنیابوونەوە لە ڕاستی و دروستی زانیارییەکان بوون پێش ناردنیان بۆ بەشی دیزاین. شکار نەقشبەندی جەختی لەسەر گرنگی زمانی پاراو و پاراستنی ئیتیكی پیشەیی لە کاری ڕۆژنامەوانیدا کردەوە.
هەروەها فێرخوازان سەردانی بەشی چاپخانەیان کرد و، لەوێدا بینەری پڕۆسەی تەکنیکی چاپکردنی ڕۆژنامەکە بوون لە قۆناغی سەرەتاییەوە تا دەرچوونی کۆپیی کۆتایی. لەو چوارچێوەیەدا، باس لە گرنگی هەماهەنگی نێوان بەشەکان و پابەندبوون بە کاتی دیاریکراو (Deadline) کرا، وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی هەر دامەزراوەیەکی میدیایی کە بەشێوەی ڕۆژانە کار دەکات.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاس و پێزانیانی زانکۆی جیهان-هەولێری ئاراستەی ستافی ڕۆژنامەی “خەبات” کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە و، هیوای خواست ئەم جۆرە هەماهەنگییانە لەنێوان ناوەندە ئەکادیمییەکان و دامەزراوە میدیاییە دێرینەکان بەردەوام بێت، بە ئامانجی پێگەیاندنی کادیرێکی شارەزا و ئەکادیمی بۆ داهاتووی کایەى ڕاگەیاندنی کوردی.







