فێرخوازانی بەشى ڕاگەیاندن لە میانەى چالاکیەکدا ئاشناى ستراتیژییەکانی پێشکەشکاریی تەلەڤزیۆنی و ئاستەنگەکانی بەردەم کاری میدیایی کران
ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی 20-1-2026 ، بە چاودێری سەرۆکایەتی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان-هەولێر، سیمینارێکی زانستی و پیشەیی لە هۆڵی ئەکادیمیای جیهان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان بەڕێوەبرد.
سیمینارەکە بە سەرپەرشتی دکتۆر (عەممار نەجمەددین) و، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە فێرخوازانی هەر چوار قۆناغی بەشی ڕاگەیاندن بەڕێوەچوو، تێیدا میدیاکار و پێشکەشکاری ناسراوی کەناڵی کوردستان24 (ژینۆ محەممەد)، تیشکی خستە سەر “هونەرەکانی پێشکەشکاری و ئاڵۆزییەکانی کارکردن لە تەلەڤزیۆن”. لە سەرەتای سیمینارەکەدا، گەشتی پیشەیی خۆی وەک نموونەیەکی زیندوو خستە ڕوو، جەختی لەوە کردەوە کە سەرکەوتنی میدیاکار تەنها بە خولیا نییە، بەڵکو دەرئەنجامی ڕاهێنانی بەردەوام، خۆپێگەیاندنی زانستی و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاستەنگانەیە کە لە سەرەتای ڕێگەکەدا دێنە پێشى.
لە تەوەرێکی دیکەی سیمینارەکەدا، بە وردی باس لەو ئاڵنگارییانە کرد، کە ڕووبەڕووی پێشکەشکار دەبنەوە، لەوانە: چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوە لەناکاوەکان لە پەخشی ڕاستەوخۆدا (Live Management)، پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان ژیانی تایبەت و ناوبانگی کۆمەڵایەتی، هەروەها پابەندبوون بە بنەماکانی بێلایەنی و پیشەییبوون لە ژێر فشاری ڕووداوەکاندا. هەروەها (ژینۆ محەممەد) ئاماژەی بەوە کرد کە پێشکەشکاری سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە دەتوانێت لە هەموو بارودۆخێکدا سەنگ و متمانەی خۆی لای بینەر بپارێزێت.
هەر لە میانی سیمینارەکەدا، باسى لە “داینامیکییەتی کاری هەرەوەزی” لە میدیادا کرد. پێشکەشکار وەک یەکێک لە ئەڵقەکانی زنجیرەی بەرهەمهێنان ناساند و، جەختى لە سەرکەوتنی هەر بەرنامەیەک بە ئاستی هەماهەنگی نێوان پێشکەشکار و تیمی پشت کامێرا (دەرهێنەر، وێنەگر و مۆنتێر) کردەوە، چونکە بەرهەمی میدیایی دەرئەنجامی یەکگرتنی چەندین توانای جیاوازە.
لە بەشی کۆتایی سیمینارەکەدا، (ژینۆ محەممەد) ڕێنمایی ئەکادیمی و پیشەیی ئاراستەی فێرخوازان کرد تاوەکو تەنها بە زانیارییە تیۆرییەکان نەوەستن، بەڵکو هەوڵ بدەن لە ڕێگەی ڕاهێنانی مەیدانی و کارکردن لە میدیاکانی ناوخۆی زانکۆوە، ئەزموونی واقیعی پەیدا بکەن. جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە ژینگەى کاری ئێستا پێویستی بە میدیاکارێکی هەمەلایەنە هەیە کە لە یەک کاتدا توانای نووسین، ئاخاوتنی پاراو و مامەڵەی تەکنیکی هەبێت.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، دکتۆر عەممار نەجمەددین بەناوی سەرۆکایەتی بەشی ڕاگەیاندنەوە سوپاس و پێزانیانی پێشکەش بە خاتوو (ژینۆ محەممەد) کرد بۆ گواستنەوەی ئەزموونە دەوڵەمەندەکەی بۆ ناو کایەی ئەکادیمی، هیوای خواست ئەم جۆرە دیدارانە ببنە نەریتێکی بەردەوام بۆ بەستنەوەی زانکۆ بە ناوەندە میدیاییەکانەوە.







