فێرخوازانی بەشى ژمێریاری ئاشنای ڕێکارە داراییەکانی بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی هەولێر دەبن
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی (١٩/١/٢٠٢٦)، سەرۆکایەتى بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان-هەولێر، گەشتێکی زانستی مەیدانی بۆ کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەم بۆ “بەڕێوەبەرایەتی یەکی تۆمارکردنی خانوبەرەی هەولێر” ڕێکخست.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستا (ڕێبین بیلال محەممەد) ئەنجامدرا. لەگەڵ گەیشتنیان، فێرخوازان لە لایەن (موھەند محەممەد) بەڕێوەبەری کاروباری کارگێڕی بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان کورتەیەکی دەربارەی پێکهاتەی کارگێڕی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، جەختی لەسەر ڕۆڵی گرنگی ئەم دامەزراوەیە لە تۆمارکردن و دۆکیومێنتکردنی موڵک و ماڵ کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە پێویستی پاراستنی وردی تۆمارەکان و پابەندبوون بە ڕێکارە یاساییەکان کرد بۆ دابینکردنی شەفافیەت لە گواستنەوەی خاوەندارییەتی خانوبەرەدا.
لە لایەکی دیکەوە، (دڵشاد نادر ڕەسووڵ) بەڕێوەبەری ژمێریاری لە بەڕێوەبەرایەتییەکە، ڕوونکردنەوەیەکی وردی دەربارەی ڕێکارە ژمێریارییە پراکتیکییەکان پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، ئاماژەى بە چۆنیەتی تۆمارکردنی ڕەسمی خانوبەرە، بەڕێوەبردنی داهاتە حکومییەکان و میکانیزمەکانی چاودێری ناوخۆیی کرد. پاشان فێرخوازان دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسا لە نزیکەوە بینەری دۆکیومێنتە کارگێڕی و داراییەکان بن و، شێوازی کارکردنی ژمێریاری لە شوێنى کار ببینن.
لە کۆتاییدا، مامۆستا ڕێبین بیلال سوپاسی ئیدارە و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی کرد بۆ ئەم دەرفەتە زانستییەی کە یارمەتیدەری فێرخوازان بوو لە تێگەیشتن لە جێبەجێکردنی وانە تیۆرییەکان لە دامەزراوە حکومییەکاندا.







