فێرخوازانی بەشى کارگێڕى گشتى و کارگێڕى کار سەردانى سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٢٦ی شوباتی ٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی کارگێڕی گشتی و بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستییان بۆ دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر ئەنجامدا.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (راز ئازاد جەلال) ڕێکخرا، بۆ ئاشناکردنی فێرخوازان بە سیستمی حوکمڕانی و میکانیزمە کارگێڕییەکان لە باڵاترین دامەزراوەی جێبەجێکردندا لە هەرێمی کوردستان، سەرەتا شاندی زانکۆ لەلایەن (دکتۆر غازی سابر دزەیی) ڕاوێژکاری یاسایی لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێکرا، لە دانیشتنێکدا کورتەیەکی مێژوویی و دەستووریی دەربارەی دامەزراندنی سەرۆکایەتی هەرێم و ڕۆڵی لە سیستمی سیاسیی هەرێمدا پێشکەش بە فێرخوازان کرد. دکتۆر غازی سابر ڕوونی کردەوە کە سەرۆکایەتی لە سەرۆکی هەرێم و دوو جێگر پێکدێت و، بەرپرسن لە نوێنەرایەتیکردنی هەرێم و پاراستنی دەستوور، هەروەها ئاماژەی بە سێ ئۆرگانە سەرەکییەکەی سەرۆکایەتی کرد کە بریتین لە: نووسینگەی سەرۆک، دیوان و، دەستەی ڕاوێژکاریی هەرێم.
لە درێژەی ڕوونکردنەوەکاندا، تیشکى خستە سەر کارەکانی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمى کوردستان، کە لە حەوت بەڕێوەبەرایەتیی جیاواز (کارگێڕی گشتی، یاسایی، دارایی، پرۆتۆکۆڵ، پەیوەندییەکان، ڕاگەیاندن، و ئەندازیاری) پێکدێت، بۆ ئەوەش چۆنیەتی هەماهەنگی نێوانیان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بۆ فێرخوازان باس کرا. لە کۆتایی سەردانەکەدا، فێرخوازان بەشدارییان لە دانیشتنێکی گفتوگۆییدا کرد دەربارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارە کارگێڕییەکان و وەڵامی پرسیارەکانیان وەرگرتەوە، کە ئەمەش دیدێکی پراکتیکیی پێ بەخشین دەربارەی پێکهاتەی جێبەجێکار و میکانیزمە ڕێکخراوەییەکانی سەرۆکایەتی هەرێم.







