فێرخوازانی بەشی ئەندازیاری دیزاینی ناوخۆیی سەردانێکی زانستی بۆ لێکۆڵینەوە لە دیزاینی ناوخۆیی یەکێک لە چێشتخانەکان دەکەن
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتى (٢٢/١٠/٢٠٢٥)، فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی ئەندازیاری دیزاینی ناوخۆیی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر لانە شەهاب ئەحمەد، سەردانێکی زانستییان بۆ چێشتخانەی (White burger) ئەنجامدا، کە لە قۆناغی دروستکردندایە.
بۆ ئەوەش سەرەتا فێرخوازان لە لایەن عوزەیر ئیسماعیل خەلیفە، ئەندازیاری دیزاینی ناوخۆیی پڕۆژەکە، پێشوازی گەرمیان لێکرا، ئینجا ڕوونکردنەوەیەکی گشتى لەبارەى دیزاینی چێشتخانەکان و ستراتیژەکانی پلاندانانی ناوخۆیی پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، ئەوەی ڕوون کردەوە کە چۆن شوێنەکان ڕێکدەخرێن، کورسییەکان دادەنرێن، ڕۆشنایی و ڕەنگەکان ڕێکدەخرێن بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی ئاسوودە و سەرنجڕاکێش. هەروەها باسی لایەنە تەکنیکییەکانی وەک سیستمەکانی هەواگۆڕکێ، چارەسەری دەنگ و خۆڕاگری ماددەکان کرد، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی چۆن کارپێکردنەکان، قوماش و پلەی گەرمی ڕۆشنایی کاریگەرییان لەسەر ناسنامە و کەشوهەوای گشتی چێشتخانەکە هەیە بەپێی ئاراستە مۆدێرنەکان لە دیزاینی چێشتخانەکاندا.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، فێرخوازان تێبینییەکانی خۆیان لە ڕێگەی وێنەکێشانی شیکاری تۆمار کرد، بۆ باشتر تێگەیشتن لە بنەماکانی دیزاینی چێشتخانەکان، هەڵبژاردنی ماددەکان و پلاندانانی کارگێڕی.






