فێرخوازانی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە بەشداری لە سێیەمین پلاتفۆرمىى نیشتمانیی CORE3 بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە دەکەن
کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشدارییان کرد لە پلاتفۆرمىى نیشتمیانى (CORE3) بۆ ڕوبەڕوونەوەى شێرپەنجە، ئەم چالاکییە هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی شێرپەنجە، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (٤/٢/ ٢٠٢٦)، لە سەنتەری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتى زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر بەڕێوەچوو.
پلاتفۆرمەکە بە ئامادەبوونى دکتۆر (سامان بەرزنجی) وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و، پڕۆفیسۆر دکتۆر (کامەران یونس محەمەد ئەمین) سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بەڕێوەچوو. لە وتەکانیاندا جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگی نێوان لایەنە تەندروستییەکان، دامەزراوە ئەکادیمییەکان و سەنتەرەکانی توێژینەوە کردەوە بۆ بەهێزکردنی هەوڵە نیشتمانییەکان لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە.
پلاتفۆرمی (CORE3) وەک پلاتفۆرمێکی نیشتمانی، داڕێژەرانی سیاست، پزیشکان، توێژەران، ئەکادیمیستەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆدەکاتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە لە ڕێگەی “خۆپاراستن لەسەر بنەمای بەڵگە”، “دەستنیشانکردنی پێشوەختە”، “ستراتیژییەکانی چارەسەر” و “بەشداریی کۆمەڵایەتی”. ئەمەش لەگەڵ دروشمی ڕۆژی جیهانیی شێرپەنجە (یەکگرتووین سەرەڕای جیاوازیمان) دەگونجێت، کە جەخت لە بەرپرسیارێتی بەکۆمەڵ دەکاتەوە.
لە میانی بەڕێوەچوونى پلاتفۆرمەکە، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر ئامادەی چەندین دانیشتنی زانستی بوون کە لەلایەن چەندین پسپۆڕی دیارەوە پێشکەش کران، لەوانە: دکتۆرە چنار عەلی مستەفا، دکتۆر جەنگی شەوکەت ساڵەیی و، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەمیر چالی. بابەتەکان تیشکیان خستە سەر داتاکانی تایبەت بە شێرپەنجەی مەمک، زانستی نەخۆشییەکان (Pathology)، شێرپەنجەی خانەکانی گورچیلە و توێژینەوە گەردیلەییەکان لە بواری شێرپەنجەدا. بەشداریی کارای فێرخوازانى بایۆمیدیکاڵ لە گفتوگۆ و دانیشتنە زانستییەکاندا ڕەنگدانەوەی گەشەی ئاستی ئەکادیمییان بوو.







