فێرخوازانی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە میانەى سەردانێکیان بۆ ئامادەیی ساڤای ناحکومی باسیان لە هۆرمۆنەکان کرد
کۆمەڵێک لە فێرخوازانی بەشی بایۆمیدیکاڵ، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (٤/٢/ ٢٠٢٦)، سەردانى ئامادەیی ساڤای ناحکومی (خوێندنى ئینگلیزی) کرد و سیمینارێکی زانستییان بە ناونیشانی “هۆرمۆنە مێینەکان و ڕۆڵیان لە تەندروستی جەستەیی و دەروونیدا” پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
ئەم چالاکییە بەسەرپەرشتی خاتوو (نەزا حامید محەمەد عەلی) بەڕێوەچو، بەگەیشتنیان لە لایەن خاتوو (هانا سەلام حوسێن) یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە، پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا. پاشان چالاکییەکە لە هۆڵی قوتابخانە و بە ئامادەبوونی قوتابیانی قۆناغی دوازدەیەمی ئامادەیی ئەنجامدرا. لە میانی سیمینارەکەدا، فێرخوازانی بایۆمیدیکاڵ تیشکیان خستە سەر گرنگیی هۆرمۆنە مێینەکان و کاریگەرییان لەسەر تەندروستی ئافرەت، لەوانە هۆرمۆنەکانی (ئیسترۆجین، پرۆجێسترۆن، FSH، LH، ئۆکسیتۆسین و پڕۆلاکتین).
فێرخوازان بە وردی باسیان لە ڕۆڵ و ئەرکە فیسیۆلۆژییەکانی ئەم هۆرمۆنانە کرد؛ ڕوونیان کردەوە کە هۆرمۆنی “ئیسترۆجین” کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە هێلکەدانەکاندا بەرهەم دێت، هۆرمۆنی سەرەکیی مێینەیە و بەرپرسە لە گەشەی ئەندامەکان و ڕێکخستنی سووڕی مانگانە. هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە هۆرمۆنی “پرۆجێسترۆن” دوای پرۆسەی هێلکەدانان دەردەدرێت و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ئامادەکردنی جەستە بۆ دووگیانی و پشتگیریکردنی تەندروستی زاوزێ.
لە کۆتایی سیمینارەکەدا، چەند چالاکییەکی کارلێککارانە ئەنجامدرا کە تێیدا چەند پرسیارێکی سادە دەربارەی بابەتەکە ئاراستەی فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرا بە مەبەستی بەهێزکردنی تێگەیشتنە زانستییەکانیان. لای خۆیەوە خاتوو هانا سەلام حوسێن دەستخۆشی لە سەرۆکایەتی بەش و فێرخوازانی بەشداربوو کرد بۆ هەوڵەکانیان لە پێشکەشکردنی سیمینارێکی زانستیی ڕێکخراو کە بابەتێکی گرنگ و پەیوەست بە کۆمەڵگەی تێدا تاووتوێ کرا.








