فێرخوازانی بەشی بایۆمیدیکاڵ وەک خۆبەخش بەشدارییان لە کۆنفرانسی ڕۆژی جیهانیی هۆشیاری لە شێرپەنجە کرد
گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (٣ی شوباتی ٢٠٢٦)، وەک خۆبەخش بەشدارییان لە کۆنفرانسی ڕۆژی جیهانیی هۆشیاری لە شێرپەنجە کرد.
ئەم چالاکییە لەلایەن ڕێکخراوی (ئاشتی)ی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە هۆتێل هەولێر نێودەوڵەتی ڕێکخرابوو. کۆنفرانسەکە بە وتەی دکتۆر (دلۆڤان محەمەد) بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر دەستیپێکرد، کە تێیدا جەختی لە گرنگیی هۆشیاری و پشکنینی پێشوەختە کردەوە. لە کۆنفرانسەکەدا چەندین پسپۆڕی وەک (دکتۆر ئەحمەد سامی، دکتۆر جەنگی شەوکەت، دکتۆر هەردی جەواد و دکتۆر پەیمان عەلی) وانەی زانستییان پێشکەش کرد و تیایدا تیشکیان خستە سەر جۆرەکانی شێرپەنجە، نیشانەکان و ڕێگاکانی خۆپاراستن.
فێرخوازانی بەشی بایۆمیدیکاڵ ڕۆڵێکی کارایان هەبوو لە ڕێکخستنی کۆنفرانسەکە و پێشوازیکردن لە میوانان. هەروەها بەشدارییان لە دانیشتنەکاندا کرد سەبارەت بە میکانیزمەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە و ڕێگاکانی دەستنیشانکردن.







