فێرخوازانی بەشی زانستی کۆمپیوتەر بەشدارى لە چالاکیەکانى (Futtalks Erbil ) دەکەن
ڕۆژی دووشەممە (٣/٢/٢٠٢٥)، گروپێک لە فێرخوازانی بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان – هەولێر بەشدارییان لە چالاکیی فوتاڵکس هەولێر (Futtalks Erbil ) کرد، کە لەلایەن زانکۆی کوردستان-هەولێرەوە ڕێکخرابوو. ئەم بۆنەیە یەکێکە لەو چالاکیە دیارانەی کە گرنگی بە گەنجان و داهێنان دەدات، بەو پێیەی لە چوارچێوەی پڕۆژەی “پەروەردەکردنی دروستکەرانی ئایندە” ڕێکخراوە، بۆ گرنگیدان بە زیرەکی دەستکرد و نوێترین پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان.
چالاکییە لەلایەن (Futuremakers) و ئۆفیسی سەرۆکوەزیران (بەشی لاوان) و کۆمپانیا تۆیۆتا و تۆڕی میدیایی ڕووداو و دەزگا ڕوانگە پاڵپشتی کرا، بەشداربوان و پسپۆڕانیش گفتوگۆیان لەبارەى کاریگەرییەکانی AI لەسەر پەروەردە، بازرگانی و، بەڕێوەبردن و کارگێڕى کرد، هەروەها هەڵوەستیان لەسەر تەکنەلۆژی پێشکەوتنە مۆدێرنەکان و ڕۆڵیان لە هێنانەدی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە کەرتە جیاوازەکاندا کرد.
بەشداریکردنى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە چالاکیەکانى فوتاڵکس هەولێر (Futtalks Erbil ) دەرفەتێکى گرنگى بۆ ڕەخساندن تا ڕاستەوخۆ لەگەڵ پسپۆڕانی پیشەسازی، ئەکادیمی و، خاوەنکارەکان کارلێک بکەن، ئەوەش یارمەتیان دەدات پەیوەندی پیشەیی بونیاد بنێن، کە ڕەنگە دەرگا بەڕووی ڕاهێنان یان هەلی کار لە داهاتوودا بۆیان بکاتەوە، جگە لەوەش بووە دەرفەتێکى گرنگ بۆ فێربوون و سوودوەرگرتن لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی کەسانى سەرکردە لە بواری داهێنان و کارگێڕی، کە دەبێتە یارمەتیدەرى فێرخوازان بۆ ئەوەى فێری کارامەیی پێویست بن و، باشتر لە پێداویستییەکانی بازاڕ تێبگەن و خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی تەکنەلۆژیادا بگونجێنن.