فێرخوازانی بەشی زمانى ئینگلیزی وۆرکشۆپێک لەبارەى هاوسەنگی لە بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا لە قوتابخانەی شۆخان بەڕێوەدەبەن
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی (١٢ی شوباتی ٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، وۆرکشۆپێکی هۆشیارییان بۆ قوتابیانی پۆلی دەیەم لە قوتابخانەی شۆخانی حکومی ڕێکخست.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستا (پۆڵا تەحسین محەمەد) سەرۆکی بەش بەڕێوەچوو، شاندی زانکۆ سەرەتا لەلایەن خاتوو (باری عەبدولڕەحمان) بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا و جەخت لە گرنگی ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە کرایەوە بۆ پەرەپێدانی کەسایەتی و ئەکادیمیی هەرزەکاران.
وۆرکشۆپەکە چەندین بڕگەی زانستی لەخۆگرتبوو؛ لەوانە پێشکەشکردنى بابەتێک بە ناونیشانی “دواخستنی کارەکان و ئاستی ئەکادیمی”، کە تێیدا ڕوونکردنەوەی ورد درا لەسەر ئەوەی چۆن دواخستنی ئەرکەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەنجامەکانی فێربوون دروست دەکات. فێرخوازانی زانکۆ چەندین ڕێگەی پراکتیکییان بۆ بەڕێوەبردنی کات پێشنیاز کرد و، جەختیان لە کەمکردنەوەی هۆکارەکانی تێکچوونی تەرکیز کردەوە کە بەهۆی بەکارهێنانی زۆری سۆشیاڵ میدیاوە دروست دەبن. هەروەها، لە دانیشتنە کارلێکەرەکاندا فێری قوتابیان کرا چۆن سنوور بۆ بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان دابنێن و خشتەیەکی ڕێکوپێک بۆ خوێندن و چالاکییەکانی سەر هێڵ دابنێن تاوەکو تەرکیزیان لەسەر وانەکانیان بەهێزتر بێت.
لە کۆتا بڕگەی وۆرکشۆپەکەدا، باس لە “ڕێنماییەکانی سەلامەتی و سنوورە تەندروستەکان لە جیهانی دیجیتاڵیدا” کرا، کە تێیدا جەخت لەسەر پاراستنی نهێنی و ڕەفتاری بەرپرسیارانە لەسەر هێڵ کرایەوە. لە ڕێگەی گفتوگۆی کراوە و نموونەی ڕاستەقینەوە، قوتابیان فێری ناسینەوەی خووە ناتەندروستەکان و بەڕێوەبردنی کاتی بەکارهێنانی شاشەکان (Screen time) کران.
چالاکییەکە بە پێشکەشکردنی چەندین ئامۆژگاری بۆ کەمکردنەوەی سترێس و پاراستنی هاوسەنگیی دیجیتاڵی کۆتایی هات، کە تێیدا قوتابیانی پۆلی دەیەم بە پەرۆشییەکی زۆرەوە بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کرد و وەڵامی پرسیارەکانیان وەرگرتەوە.







