فێرخوازانی بەشی شیکاریی کیمیایى پزیشکی چالاکییەکی زانستی و تەندروستی لە قوتابخانەی نیوى بنەڕەتیی عەرەبی ئەنجام دەدەن
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٤/١١/٢٠٢٥، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکیی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانی قوتابخانەی (نیوى)ی بنەڕەتیی عەرەبییان کرد.
سەردانەکە بە سەرپەرشتیی سەرۆکی بەش و بە یاوەریی یاریدەدەری تاقیگە، خاتوو (مەنار فارس) بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان فێرخوازان لە لایەن (نیوى وەهبی)، بەڕێوەبەری قوتابخانە، پێشوازییان لێکرا و، دەستخۆشی لەم دەستپێشخەرییە زانستییەی فێرخوازان کرد، پاشان فێرخوازان سیمینارێکی زانستیی کارلێککارییان بە ناونیشانی “دیاریکردنی گرووپەکانی خوێن و گرنگییان” پێشکەش کرد. تێیدا باسیان لە جۆرەکانی گرووپی خوێن (A, B, AB, O) و فاکتەری ڕیسۆس (Rh) کرد، هەروەها گرنگیی زانینی گرووپی خوێن لە کاتی فریاگوزاری و گواستنەوەی خوێندا، سەرەڕای ڕوونکردنەوەی چەمکی گونجانی خوێن (Blood Compatibility). ، هەروەها فێرخوازان بە شێوەیەکی کردەیی پشکنینی گرووپی خوێنیان بۆ ژمارەیەک لە قوتابییان ئەنجام دا بە بەکارهێنانی کەرەستەی دەستنیشانکردنی گونجاو، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی هەنگاوەکانی پشکنین و شرۆڤەکردنی ئەنجامەکان بە شێوازێکی سادە.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان کێشی لەش (BMI)یا بۆ ژمارەیەک قوتابیان قوتابخانەکە ئەنجامدا، بە ئامانجی هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستیی گشتییان. دواتر ڕێنمایی سادەیان پێشکەش کردن دەربارەی سیستمی خۆراکیی تەندروست، گرنگیی چالاکیی جەستەیی، و پارێزگاریکردن لە کێشی نموونەیی.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، کارگێڕیی قوتابخانە نووسراوی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی فێرخوازان کرد وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵە دیارەکانیان و شێوازە زانستییە سادەکەیان و کارلێکی ئەرێنییان لەگەڵ قوتابییان.






