فێرخوازانی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی لە قوتابخانەی لانەی بنەڕەتی چالاكیەكی هۆشیارییان دەربارەی نەخۆشییە گوازراوەکان بەڕێوەدەبەن
ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی (3/12/2025)، گرووپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەم لە بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی (مامۆستای یاریدەدەر هاوڕێ فاتیح)، سەردانی قوتابخانەی لانەی بنەڕەتییان کرد و بابەتێكیان دەربارەی نەخۆشییە گوازراوەکان و ڕێگاکانی خۆپاراستن پێشكەش كرد.
سەرەتا فێرخوازان لەلایەن مامۆستا بان حەسیب دەباغ بەڕێوەبەری قوتابخانە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان فێرخوازان بە وردی باسیان لە میکانیزمەکانی گواستنەوەی نەخۆشییەکان کرد، وەک: گواستنەوەی میکرۆب لە ڕێگەی هەوا، دەستی پیس، خواردن و ئاوی پیس، یان بەرکەوتن بە ڕووکەشە پیسبووەکان. هەروەها ڕوونیان کردەوە کە چۆن قەرەباڵغی و ئاڵوگۆڕکردنی کەلوپەل لە قوتابخانەکاندا دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی خێرای نەخۆشی. فێرخوازان نموونەی ئەو نەخۆشییانەیان باسکرد کە لەنێو قوتابیاندا باون، وەک: ئەنفلۆنزا، هەڵامەت، هەوکردنی لەوزەتێن و قوڕگ. نیشانەکانی هەر نەخۆشییەک و ماوەکەی و کاتی پێویست بۆ پشوودانی قوتابی لە ماڵەوە بۆ پاراستنی هاوڕێکانیان شیکرایەوە.
بەشێکی دیکەی چالاکییەکە تەرخانکرا بۆ نمایشی کردەیی، کە تێیدا فێرخوازانی زانکۆ چۆنیەتی شۆردنی دەستەکان بۆ ماوەی ٢٠ چرکە، بەکارهێنانی دروستی ماددە پاکژکەرەوەکان (مەعەقەم)، شێوازی دروستی داپۆشینی دەم و لووت لە کاتی کۆکین و پاکڕاگرتنی جانتا و کەلوپەلەکانیان بۆ قوتابییەکان نمایش کرد.
سیمینارەکە بە کارلێکێکی گەرم لەلایەن قوتابییەکانەوە کۆتایی هات و پرسیاری جۆراوجۆریان ئاڕاستە کرد. لە کۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکە سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ زانیارییە زانستییەکان و ڕۆڵی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستی نیشان دا.






