فێرخوازانی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی چالاکییەکی تەندروستی و پشکنینی پزیشکییان لە قوتابخانەی خەجە باوەی کچان ئەنجامدا
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی (١١/١/٢٠٢٦)، کۆمەڵێک لە فێرخوازانى بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانی قوتابخانەی (خەجە باوە)ی کچانیان کرد و چالاکییەکی تەندروستیی پراکتیکی و پشکنینی پزیشکیی سەرەتاییان ئەنجامدا.
سەردانەکە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هەورێ فاتح) سەرۆکی بەش، بەڕێوەچوو و، بە گەیشتنیان لە لایەن مامۆستا (شەهرەهان فەرهاد) بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا. پاشان لە میانی چالاکییەکەیاندا، سەرەتا فێرخوازانى زانکۆ زانیاریی تەندروستیی گشتییان پێشکەش بە قوتابیانی قوتابخانەکە کرد و، تێیدا جەختیان لەسەر گرنگیی پاراستنی تەندروستیی گشتی کردەوە لە ڕێگەی خواردنی تەندروست، وەرزشکردن، گرنگیدان بە پاکوخاوێنیی کەسی و بەدواداچوونی دەوری بۆ باری تەندروستی. هەروەها باسیان لە ڕۆڵی پشکنینە سەرەتاییەکانیان لە دەستنیشانکردنی پێشوەختەی کێشە تەندروستییەکان کرد.
لە بەشێکى دیکەى چالاکییەکەیاندا، فێرخوازان چەندین پشکنینی پزیشکییان بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە بەئەنجامدا، لەوانە: دیاریکردنی جۆری خوێن بۆ ئاشناکردنی قوتابیان بە جۆرەکانی خوێن و گرنگیی گونجانی خوێن، لەگەڵ ئەنجامدانی پشکنینی ڕێژەی شەکر لە خوێندا و، ڕوونکردنەوەی ئاستە ئاسایی و نائاساییەکان و کاریگەریی شێوازی ژیان لەسەریان. هاوکات فێرخوازانى بەشى شیکاریی کیمیایی پزیشکى پشکنینی پەستانی خوێنیان ئەنجامدا و ئاستە گونجاوەکان و ئەو هۆکارانەی کار لە پەستانی خوێن دەکەن (وەک خۆراک، فشاری دەروونی و کەمیی جووڵە) بۆ قوتابیان باس کرد.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، کارگێڕی قوتابخانەکە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەم دەسپێشخەرییە تەندروستییەى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەربڕى، کە بووە هۆى پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی تەندروستی بە سوود بۆ ژینگەی قوتابخانە.







