فێرخوازانی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی لە قوتابخانەی هەڤاڵانی تێکەڵاو چالاکیەکى هۆشیارییان لەبارەى خۆراکى تەندروست ئەنجامدا
لە چوارچێوەی چالاکییە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە(فاتیمە دیار ئەحمەد، فەرهەنگ ئالان، محەمەد ئیبراهیم)، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەری مامۆستا “هەورێ فاتیح”، سەردانێکی زانستی و هۆشیارییان بۆ قوتابخانەی هەڤاڵانی تێکەڵاوی بنەڕەتی ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە کە ڕۆژى چوار شەممە ڕێکەوتى (٢٨/١/٢٠٢٦) بەڕێوەچوو، تیایدا فێرخوازان چالاکیەکى هۆشیاریی لەبارەى خۆراکى تەندروستیان پێشکەش بە قوتابیانی پۆلی چوارەمی بنەڕەتی کرد، چالاکیەکەیان بە شێوەیەکی زانستی و سادە پێشکەشکرد و، سەرەتا، چەمکی “خۆراکی هاوسەنگ”یان بۆ قوتابیان شیکردەوە، بۆ ئەو مەبەستەش باسیان لە ڕۆڵی هەر یەک لە (کاربۆهیدرات، پرۆتین، چەوری، ڤیتامین، و مینراڵەکان) لە پشتگیریکردنی گەشەی جەستەیی، پەرەپێدانی تواناکانی مێشک و دابینکردنی وزەی ڕۆژانە کردەوە، هاوکات فێرخوازانی زانکۆ جەختیان لەسەر گرنگیی خواردنی سەوزە و میوەی تازە و خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو کردەوە، لەگەڵ ڕێنماییکردنی منداڵان بۆ پابەندبوون بە کاتە ڕێکخراوەکانی ژەمە خۆراکییەکان. لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازان تیشکیان خستە سەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی زیادەڕویکردن لە خواردنی شیرینی، خواردنەوە گازییەکان و خواردنە خێراکان (Fast Foods)، کە دەبنە هۆی کەمبوونەوەی تەرکیز، قەڵەوی و لاوازبوونی سیستمی بەرگری.
لە کۆتاییدا؛ فێرخوازانی زانکۆ بە شێوازێکی کارلێکەر و دابەشکردنی دیاریی هاندەر، منداڵانیان هان دا کە ژەمى قوتابخانەییەکانیان بە تەندروستی هەڵبژێرن. بۆ ئەوەش ڕزگار مەولوود محەمەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، سوپاسی فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێرى کرد بۆ ئەم دەسپێشخەرییە کە دەبێتە هۆی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی لە ناوەندەکانی خوێندندا.







