فێرخوازانی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی هەڵمەتێکی پشکنینی تەندروستییان لە قوتابخانەی پیرەمێرد بەڕێوەبرد
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢/٢/ ٢٠٢٦، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکییەکی تەندروستیی مەیدانییان لە قوتابخانەی پیرەمێردی بنەڕەتی ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە هاوەڵی و سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دنیا عەبدولقادر) بەڕێوەچوو. لە میانەی ئەم بەسەرکردنەوەیەدا، فێرخوازان کۆمەڵێک پشکنینی بنەڕەتیی تەندروستییان بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە ئەنجامدا، کە پشتبەستوو بوو بە شێوازە تاقیگەیی و کلینیکییە ستانداردەکان. پشکنینەکان بریتی بوون لە: دیاریکردنی ڕێژەی شەکر لە خوێندا، پێوانەکردنی پەستانی خوێن، دیاریکردنی جۆری خوێن، لەگەڵ هەژمارکردنی پێوەری بارستایی جەستە (BMI)، چالاکییەکە بە وردی و ڕێکخراوەیی ئەنجامدرا، هاوکات ڕوونکردنەوەی پێویست درایە بەڕێوەبەرایەتی و قوتابیانى قوتابخانەکە دەربارەی بایەخی هەر پشکنێنێک و مانا تەندروستییەکانی ئەنجامەکان.
لە کاتی ئەنجامدانی پشکنینی شەکرەدا، حاڵەتێکی بەرزیی ڕێژەی شەکر لە خوێنی یەکێک لە قوتابیەکاندا بۆ یەکەمجار دۆزرایەوە؛ دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکە لەو حاڵەتە ئاگادارکرایەوە و ڕێنمایی پێویستیان پێدرا بۆ چاودێریکردنی پزیشکی و ئەنجامدانی پشکنینی دڵنیایی. ئەمەش بایەخی پشکنینە خولییەکان لە دەستنیشانکردنی پێشوەختەی گرفتە تەندروستییەکاندا دەسەلمێنێت.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، مامۆستا (محەمەد عەبدوڵا) بەڕێوەبەری قوتابخانەی پیرەمێرد، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی فێرخوازان و سەرپەرشتیارانی ئەم دەسپێشخەرییە کرد و تیشکی خستە سەر کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ئەم جۆرە هەڵمەتانە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی لە ناوەندەکانی خوێندندا.







