فێرخوازانی بەشی مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکی سەردانی نەخۆشخانەی تایبەتی ئارژین دەکەن
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٠/١١/٢٠٢٥)، فێرخوازانی قۆناغەکانى دووەم و سێیەم و چوارەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکیی (Medical Microbiology) لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر خواجە شەکیل ئەحمەد، سەردانێکی زانستیی مەیدانییان بۆ نەخۆشخانەی تایبەتی ئارژین لە شاری هەولێر ئەنجامدا.
لە سەرەتای سەردانەکەدا، شاندی زانکۆ لەلایەن سەلمان بورهان ڕەحمان، دامەزرێنەر و خاوەنی نەخۆشخانەی تایبەتی ئارژین، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، هەروەک ئامادەیی و پشتیوانیی نەخۆشخانەکەى بۆ هەماهەنگیی نێوان زانکۆ و نەخۆشخانە دووپات کردەوە لەپێناو پەرەپێدان و پێگەیاندنی کادیری پزیشکیی لێهاتوو. دواتر مستەفا دلێر مەلا حەسەن، سەرپەرشتیاری نەخۆشخانە، پوختەیەکی ورد و گشتگیری دەربارەی خزمەتگوزارییەکانی دەستنیشانکردن (Diagnosis) و سیستمی تاقیگەکانی نەخۆشخانەکە پێشکەش کرد. هەروەها فێرخوازانی بە بەشە تایبەتمەندە جیاوازەکاى نەخۆشخانەکە ئاشنا کرد .
لەوێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا سەرپەرشتیارانى نەخۆشخانەکە دەرفەتیان بۆ فێرخوازان ڕەخساند تا لە نزیکەوە چاودێریی ڕەوتی کارکردن لە بەشەکان بکەن و گفتوگۆ لەگەڵ کارمەندانی تاقیگە بکەن، ئەمەش وای کرد تێگەیشتنێکی ڕوونتریان دەربارەی پرۆسەی دەستنیشانکردنی ڕاستەوخۆ و کۆنتڕۆڵی جۆریی تاقیگەکان (Quality Control) هەبێت. هاوکات فێرخوازان گفتوگۆ زانستییان لەگەڵ کارمەند و سەرپەرشتیارانى بەشەکە کرد بەتایبەتی لە بواری چۆنیەتى ناسینەوەی میکرۆبەکان و شیکردنەوەی ئەنجامەکان.
لە کۆتاییدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر خواجە شەکیل ئەحمەد سوپاسى سەرپەرشتیار و کارمەندان و پزیشکانى نەخۆشخانەکەیان کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە و ئاشناکردنى فێرخوازان بەبەشە جیاوازەکان.







