فێرخوازانی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی هەڵمەتێکی هۆشیاری دەربارەی شێرپەنجەی سییەکان لە بازاڕی هەولێر ئەنجام دەدەن
ڕۆژی یەك شەممە ڕێكەوتی (7/12/2025)، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، هەڵمەتێکی هۆشیاریی تەندروستی گشتییان لە بازاڕی شاری هەولێر ڕێکخست.
چالاکییەکە پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (ئەمینە سەباح مەحمود جومعە) بە سەرپەرشتی سەرۆکی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی و، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (خواجە شەکیل ئەحمەد) بەڕێوەچوو. لە میانەی هەڵمەتەکەدا، فێرخوازان چەندین بڵاوکراوە و نامیلکەی ڕۆشنبیری کە بەتایبەت دیزاین کرابوون بۆ تیشک خستنە سەر هۆکارە مەترسیدارە سەرەکییەکان، وەک: کێشانی جگەرە، بەرکەوتن بە دووکەڵی جگەرە (جگەرەکێشانی پاسیڤ)، پیسبوونی هەوا و مەترسییە پیشەییەکان بەسەر هاوڵاتیان و دوكانداران و ڕێبواران دابەشكرد.
هەروەها بڵاوکراوەکان کۆمەڵێک ڕێنمایی ڕوونیان لەخۆگرتبوو دەربارەی نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکە، گرنگی و سوودەکانی پشکنین، لەگەڵ ڕێگەکانی خۆپارێزی لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی شێوازێکی ژیانی تەندروست، بۆ ئەوەش فێرخوازان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گفتوگۆیان لەگەڵ خاوەن دوکانەکان، خێزانەکان و سەردانیکەران لە بەشە جیاوازەکانی بازاڕەکە کرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هەڵمەتەکە ڕووبەرێکی فراوان بگرێتەوە و کارلێکێکی ئامانجدار لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دروست بێت. تیمەکە جەختیان لە گرنگیی پشکنین و دەستنیشانکردنی پێشوەختە کردەوە و هانی هاوڵاتیانیان دا کە لە کاتی هەستکردن بە نیشانەکانی وەک: کۆکەی بەردەوام، ئازاری سنگ، یان تەنگەنەفەسی، بەزووترین کات داوای ڕاوێژی پزیشکی بکەن.
هاوڵاتیان و دانیشتوانی شارەکە بە گەرمی پێشوازییان لە فێرخوازان کرد و چەندین پرسیاریان ئاڕاستە کردن، هاوکات خۆشحاڵی و پێزانینی خۆیان دەربڕی بۆ دەستکەوتنی زانیاری زانستی بەسوود بە شێوازێکی ئاسان کە پەیوەستە بە ژیانی ڕۆژانەیانەوە.






