فێرخوازانی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس سیمینارێکی هۆشیاری لەبارەى خۆراک لە زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر پێشکەش دەکەن
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (١٣/٢/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر محەمەد محەمەد حسێن، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەم لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان – هەولێر سیمینارێکی هۆشیارییان لە زانکۆی سەڵاحەدین – هەولێر پێشکەش کرد.
لەو سمینارەدا، کە لە هۆڵى کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری، بەئامادەبوونى ژمارەیەک لە مامۆستایان و فێرخوازانى کۆلێژى کارگێڕى و ئابورى بەڕێوەچوو، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر باسیان لە خۆراک و فشار کرد، بۆ ئەوەش فێرخوازان ڕوونیانکردەوە ماددە خۆراکیەکانی وەک ترشە چەورییەکانی ئۆمیگا ٣، مەگنیسیۆم، ڤیتامینەکانی بی و، دژە ئۆکسێنەرەکان ڕۆڵێکی سەرەکی لە کەمکردنەوەی فشار و باشترکردنی باری دەروونی تاک دەگێڕن. لە بەشێکى دیکەى سمینارەکەیاندا، فێرخوازان تیشکیان خستە سەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی زیادەڕۆیی لە خواردنی کافاین و خۆراکە پرۆسێس کراوەکان و بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی شەکری خوێن، کە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ و توڕەبوون و ماندوێتی. بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشە تەندروستیانەش فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە گرنیگەوە باسیان لە پلاندانان بۆ ژەمەکان بۆ پاراستنی وزەی بەردەوام، هەڵبژاردنی خۆراکەکانی کەمکردنەوەی فشار و، ڕۆڵی ئاو لە باشترکردنی بارى دەروونی کرد. هەروەها باسیان لە کاریگەرییەکانی تەندروستی ڕیخۆڵە کرد لەسەر لایەنى تەندروستی، لە کۆتایشدا، فێرخوازانى نیوتریشن و دایەتێتیکس ئاماژەیان بە پەیوەندییەکی نزیکى نێوان ڕیخۆڵە و مێشکد کرد.
ئامادەبوونی مامۆستایانى کۆلێژەکە ناوەڕۆکى سمینارەکەى زیاتر دەوڵەمەند کرد، چونکە بۆچوونەکانیان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی فشار لە شوێنە پیشەیی و پەروەردەییەکاندا بەیەکەوە باسکرد. کۆبوونەوەکە بە گفتوگۆیەکی کراوە سەبارەت بە خووی خواردنی تەندروست بۆ بەرزکردنەوەی تەرکیز و باشترکردنی کوالیتی خەو و پاراستنی هاوسەنگی سۆزداری لە ژێر بارودۆخی سترێسدا کۆتایی هات.