فێرخوازانی بەشی وەرگێڕان سەردانی نووسینگەی وەرگێڕانی لەندەن لە شارى هەولێر دەکەن
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (١٨/١١/٢٠٢٥)، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی وەرگێڕان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر زینە مەحمود ئەمین، سەردانی نووسینگەی خزمەتگوزارییەکانی وەرگێڕانی لەندەنیان کرد.
فێرخوازان لەلایەن ڕیفاعی ڕەشید محەمەد، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و دامەزرێنەری نووسینگەی وەرگێڕانی لەندەن کە هاوکات وەرگێڕێکی شارەزایە، پێشوازییان لێکرا. بۆ ئەو مەبەستەش دواى ئەوەى بە فێرخوازان ناساند، ئینجا ڕیفاعی ڕەشید محەمەد پوختەیەکی گشتیی دەربارەی نووسینگەکە، شێوازی بەڕێوەچوونی کارەکان و ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی دەکەن، خستە ڕوو. هەروەها بە وردی باسی لە بەرپرسیارێتییە سەرەکییەکانی وەرگێڕان کرد و تیشکی خستە سەر ئەوەی “چی پێویستە بکرێت و چی نەکرێت”، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی ئەو ئەرکە ڕۆژانەیەی کە بەشێوەیەکی ئاسایی لە بارەگای نووسینگەکەدا جێبەجێ دەکرێن.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا ڕیفاعی ڕەشید محەمەد باسی لە گرنگیی لێهاتوویی زمانەوانی لە کارەکانی وەرگێڕاندا کرد و ئاماژەی بەو زمانانە دا کە نووسینگەکەیان کاری لەسەر دەکات. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر بۆ فێرخوازان، هةروةها ڕیفاعی ڕەشید محەمەد نموونەی ئەو بەڵگەنامانەی خستە ڕوو کە ڕۆژانە لە بریکارەکانەوە وەریدەگرن. لە میانی نمایشکردنی ئەو نموونانەدا، چۆنیەتی ئەنجامدانی کاری وەرگێڕانی لە ژینگەیەکی پیشەییدا ڕوون کردەوە، هەروەها باسی لەو هەنگاوانە کرد کە پێویستن بۆ بوون بە وەرگێڕێکی سوێندخواردوو (باوەڕپێکراو).
دوای ئەوە، دەرفەت بە فێرخوازان درا بۆ شیکردنەوەی ئەو بەڵگەنامە وەرگێڕدراوانەی کە لە کاتی سەردانەکەدا لە نووسینگەکە بەردەست بوون، دواتر سەرنج و تێبینیی ڕاستەوخۆ و بنیاتنەریان لەلایەن مامۆستا ڕیفاعییەوە پێگەیشت. پاشان دانیشتنێکی پرسیار و وەڵام بەڕێوەچوو کە ڕێگەی بە فێرخوازان دا پرسیارەکانیان بکەن و زانیاریی زیاتر لەم بوارەدا بەدەست بهێنن.





