فێرخوازانی بەشی وەرگێڕان سەردانێکی مەیدانی بۆ ڕێکخراوی ڕوانگە ئەنجام دەدەن
سەرۆکایەتى بەشی وەرگێڕان لە زانکۆی جیهان–هەولێر سەردانێکی مەیدانی بۆ فێرخوازانی قۆناغی چوارەم رێکخراوی ڕوانگە ئەنجامدا.
لە میانەى ئەو سەردانەدا، کە ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (١٨/١١/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەری عیماددین مەجید محەمەد بەڕێوەچوو، فێرخوازان لەلایەن خاتوو سواد عومەر بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان لە ڕێکخراوی ڕوانگە پێشوازییان لێکرا، پاشان لە هۆڵى ڕێکخراوەکە کورتەیەکى لەبارەى ئەرکی ڕێکخراوەکە و چالاکییەکانیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد، بۆ ئەوەش وتى: ڕێکخراوى ڕوانگە لە بوارە سەرەکییەکانی وەک بەرنامەکانی هۆشیاری کۆمەڵگە، دەستپێشخەرییەکانی بەهێزکردنی گەنجان، پشتیوانی مرۆیی و، پڕۆژەی پەرەپێدانی جۆراوجۆر بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان چالاکى جۆراوجۆر ئەنجام دەدات، هاوکات تیشکی خستە سەر چەند دەستپێشخەرییەکی بەردەوام لە هەرێمى کوردستان، کە بەهۆیەوە خزمەتگوزاریی پێشکەش بە چین و توێژە جیاکان دەکەن.
بەشێکى دیکەى سەردانەکە تەرخان کرا بۆ ئاشناکردنی فێرخوازان بە نووسینی سیڤی پیشەیی، بۆ ئەوەش جەخت لەسەر ئەو ستانداردانە کرایەوە، کە بە شێوەیەکی باو لەلایەن خاوەنکارەکانەوە بەکاردەهێنرێن، هاوکات باسى ئەو هەڵانە کرا، کە پێویستە داواکاران خۆیان لێی بەدوور بگرن. ئەوەش ڕونکرایەوە کە لە نوسینى (CV)دا گرنگە ئاماژە چۆنیەتی شیکردنەوەی وەسفی کار بکرێ، هاوکات ئامادەکاری بۆ چاوپێکەوتن و تێگەیشتن لەوەی کە دامەزراوەکان بە شێوەیەکی گشتی بەدوای چیدا دەگەڕێن لەکاتی هەڵسەنگاندنی کاندیدەکاندا بکرێ.
لە سەردانەکەدا گفتوگۆی کارلێککارانە لە نێوان فێرخوازان و نوێنەری ڕێکخراوەکەدا بەڕێوەچوو، کە تیایدا تیشک خرایە سەر دەرفەتەکانی ڕاهێنان و پیشە لە کەرتی مرۆیی و خزمەتگوزاریدا. هەروەها فێرخوازان پرسیاریان سەبارەت بە کارامەیی کەسی و پیشەیی بنەڕەتی کرد، کە لە بازاڕی کارەکانی ئەمڕۆدا پێویستن.







