فێرخوازانی بەشی وەرگێڕان لە قوتابخانەی ئامادەیی جیهان وۆرکشۆپێکیان لەبارەى وەرگێڕان بەڕێوەبرد
بۆ ئاشناکردنی قوتابیانی ئامادەیی بە جیهانی زمانەوانى، هەریەک لە (هاجەر ڕەئووف سمکۆ و ڕەوان عەبدوڵا مەزهەر)، فێرخوازانی بەشی وەرگێڕانی زانکۆی جیهان-هەولێر بە سەرپەرشتی مامۆستا “پۆڵا تەحسین محەمەد”، سەردانی ئامادەیی جیهانیان کرد.
لە میانەى ئەو سەردانەدا، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٩/١/٢٠٢٦) بەڕێوەچوو، فێرخوازانى زانکۆ وۆرکشۆپێکیان بۆ قوتابیانی پۆلی دەیەم بە ئامادەبوونى مامۆستا “ئاراز جەمال خدر” ڕێکخست، کە تیایدا تیشکیان خستە سەر هونەری گواستنەوەی مانا لە نێوان زمانەکاندا.
چالاکییەکان بە شێوازێکی داهێنەرانە داڕێژرابوون، تێیدا قوتابیانی پۆلی دەیەم لەلایەن فێرخوازانى بەشى وەرگێران ڕاهێنانیان لەسەر نووسینی وەسفی وێنەکان بە زمانی ئینگلیزی و پاشان وەرگێڕانیان بۆ زمانە ناوخۆییەکان پێکرا. جگە لەوەش، هەوڵ درا قوتابیان فێری وەرگێڕانی تێکست و بەڵگەنامە سادەکان بکرێن لەسەر ئاستی ڕستە و پەرەگراف. ئەم پرۆسەیە دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ قوتابیان تا بزانن چۆن مانا بە وردی دەگوازرێتەوە.
قوتابیانى قوتابخانەکە بە پەرۆشییەکی زۆرەوە بەشدارییان لە وۆرکشۆپەکەدا کرد و ،ئاماژەیان بەوە کرد کە چالاکییەکان یارمەتیدەریان بووە لە بیرکردنەوەی داهێنەرانە بۆ بەکارهێنانی زمان.







