فێرخوازانی بەشی پەرستاری تەندروستیی کۆمەڵ لە کۆمەڵگەى فاخیر مێرگەسۆری چالاکیەکى تایبەت بە فریاگوزاریی سەرەتایی بەڕێوەدەبەن
فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی پەرستاری تەندروستیی کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٩/١/٢٠٢٦) سەردانى کۆمەڵگەى شەهید فاخیر مێرگەسۆرییان کرد و، چالاکیەکى تایبەتیان بە فریاگوزارى سەرەتایی بەڕێوەبرد.
سەرەتا فێرخوازانى زانکۆ لەلایەن “شەپۆل فاخر محەمەد”، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەکە پێشوازییان لێکرا، پاشان لە هۆڵى چالاکیەکان، فێرخوازانى بەشى پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ ناوەڕۆکى چالاکیە فێرکارییەکەیان لەبارەی “فریاگوزاریی سەرەتایی” پێشکەش قوتابیانى قوتابخانەکە کرد، لەکاتی پێشکەشکردنی چالاکیەکەیاندا، فێرخوازان جەختیان لەسەر بنەما سەرەکییەکانی فریاگوزاری کردەوە و ڕوونیان کردەوە کە چۆن دەستوەردانی خێرا و زانستییانە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی لێکەوتە مەترسیدارەکانی دوای ڕووداو، بۆ ئەوەش باسیان لە کۆمەڵێک حاڵەتی باو کرد وەک: شێوازی ڕاگرتنی خوێنبەربوون، مامەڵەکردن لەگەڵ سووتان و شکاوییە جیاوازەکان، لەگەڵ هەنگاوەکانی فریاکەوتنی کەسێک کە تووشی بوورانەوە یان پێکانێکی سادە بووە.
چالاکییەکە تەنها لایەنی تیۆری نەبوو، بەڵکو بۆ تێگەیشتنی قووڵترى قوتابیانى قوتابخانەکە، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێوەیەکى پراکتیکی شێوازی دروستی فریاکەوتن بۆ قوتابیان نمایش کرد، لە کۆتاییدا، “شەپۆل فاخر محەمەد”، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەکە، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی فێرخوازان کرد و، بە نووسراوی فەرمی دەستخۆشی لە هەوڵە پیشەییەکانیان کرد، کە ڕۆڵیان هەبووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی تەندروستی لە ناوچەکەدا.







