فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد بە قوتابیانی قوتابخانەی ئاگا دەناسێنن
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (٣/٢/٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود)، سەردانى قوتابخانەى ئاگایان کرد و، سیمینارێکیان دەربارەی ئامانج و گرنگیی فێربوونی بەکارهێنانی ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد (AI) پێشکەشى قوتابیانی ئامادەیی (ئاگا)ی ناحکومی لە قەزای پیرمام کرد.
ناوەڕۆکی سیمینارەکە لەلایەن هەریەک لە (ئاکۆ ئەکرەم، ئاراس نازم، تەنیا فەتاح) فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن پێشکەش کرا. لە بەشی یەکەمدا، فێرخواز (ئاراس نازم) ناساندنێکی گشتگیری بۆ تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد کرد و، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە تەنها ئامێرێکی سادە نییە، بەڵکو سیستمێکە هاوشێوەی مێشکی مرۆڤ توانای فێربوون و بڕیاردانی هەیە و، ئێستا لە هەموو بوارەکانی وەک سۆشیاڵ میدیا و وەرگێڕاندا بووەتە بەشێکی جیانەکراوە لە داهاتووی مرۆڤایەتی.
پاشان فێرخواز (ئاکۆ ئەکرەم) باسی لە ئامانجەکانی فێربوونی ئەم تەکنەلۆژیایە کرد و، جەختی کردەوە کە ئامانجەکە خێراکردنی کارەکان و کەمکردنەوەی ئەرکە دووبارەبووەکانە. ڕوونی کردەوە کە قوتابیان دەتوانن وەک “یاریدەدەرێکی زیرەک” بۆ تێگەیشتن لە وانەکان و گەڕان بەدوای سەرچاوەی زانستیدا بەکاریبهێنن، بە مەرجێک بە شێوازێکی ئەخلاقی و دروست سوودی لێ ببینن.
لە بەشی کۆتاییدا، فێرخواز (تەنیا فەتاح) ئاماژەی بە گرنگیی تەرخانکردنی کات بۆ فێربوونی ئەم ئامرازانە کرد. باسی لەوە کرد کە تەنها ناسینی ناوەکان بەس نییە، بەڵکو دەبێت ڕۆژانە کاری لەسەر بکەن و وەک دەرفەتێک بۆ خۆپێگەیاندن بیبینن، چونکە بازاڕی کاری داهاتوو پێویستی بەو کەسانەیە کە لەم بوارەدا شارەزان. لە کۆتایی سیمینارەکەدا، کارگێڕیی قوتابخانەی (ئاگا) سوپاسی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێریان کرد بۆ پێشکەشکردنی ئەم بابەتە سەردەمییە و ئاشناکردنی قوتابیانیان بە تەکنەلۆژیای نوێ.







