فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن دامەزراوەى میدیای دیجیتاڵى گاڤ تیڤی بەسەردەكەنەوە
لە بەردەوامیی گەشتە زانستییەكەیاندا بۆ شاری دهۆك، ڕۆژی شەممە 8-11-2025 بەشێك لە فێرخوازانی قۆناغى دووەم و سێیەمى بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، سەردانی دامەزراوەى میدیاى دیجیتاڵی”گاڤ تیڤی”یان كرد.
مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن (شێرزاد نووری) جێگری بەڕێوەبەری دامەزراوەكە پێشوازییان لێ كرا و بە گرنگییەوە باسی لەو سەردانەی فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن كرد لە زانكۆی جیهان-هەولێر. پاشان تیشكی خستە سەر ئەرکی سەرەکیی دامەزراوەكەیان بەتایبەت لە گەیاندنی دەنگی ناوچەی بادینان و پارێزگای دهۆک، وتیشى بەشێوەیەکی تایبەتمەند و پیشەیی ناوەڕۆکى بابەتە ڕۆژنامەوانیەکانمان بە زاراوەی لۆکاڵیی بڵاودەكەینەوە، هاوكات باسی لە سرووشتی كاركردن لە دامەزراوەیەكی میدیاییدا کرد، كە تەواوی كارەكانیان بەشێوەیەكی دیجیتاڵیی بەڕێوەدەبەن. دواتر هاوڵى فێرخوازانى کرد بۆ بەسەرکردنەوە بەشە جیاوازەكانی دامەزراوەكە، بۆ ئەوەش فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن لە نزیکەوە ئاشناى کارەکانى ژووری هەواڵ، مۆنتاژ و ستۆدیۆكانی دەنگ بوون. پاشان یەكێك لە بەرهەمەكانی دامەزراوەكە بە دیاریی بەخشرایە فێرخوازان.
لەكۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی جێگری بەڕێوەبەر و كارمەندانی دامەزراوەكەی كرد بۆ ئاشناكردنی فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر بە سرووشت و تایبەتمەندیی كاركردن لە دامەزراوەیەكی تەواو دیجیتاڵییدا.






