فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن دەزگای ڕۆسا بۆ كاری چاپ و بڵاوكردنەوە بەسەردەكەنەوە
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی 22-1-2026، گروپێک لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، سەردانی دەزگای (ڕۆسا)یان كرد لە شاری هەولێر، كە تایبەتە بە كاری چاپ و بڵاوكردنەوە.
لەو سەردانەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار و بەشداربووان، كە پێكهاتبوون لە فێرخوازانی قۆناغی یەكەم، دووەم و سێهەمی بەشی ڕاگەیاندن، لەلایەن (ئەحمەد كەمال) بەڕێوەبەری فرۆشتن لە دەزگای ڕۆسا پێشوازییان لێ كرا. لە وتەکیدا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەو سەردانەی فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، ئاماژەی بەوەدا كە لە ڕابردوودا وەكو دەزگای ڕۆسا بەشدارییان كردووە لە چالاكییە ڕۆشنبیرییەكانی زانكۆی جیهان لە هەولێر.
لە بەشیکى دیکەى قسەکانیدا بەڕێوەبردنی فرۆشتن لە دەزگای ڕۆسا، باسی لە مێژووی دامەزراندنی دەزگاكە بۆ فێرخوازان كرد، هەروەها باسی لەو چالاكییە ڕۆشنبیرییانە كرد كە ساڵانە لەلایەن دەزگاكەیانەوە ئەنجام دەدرێن، بەشداریكردن لە پیشانگە نێودەوڵەتییەكانی كتێب دیارترین چالاكیی ئەو دەزگایەیە كە ساڵانە لە هەولێر و سلێمانی بەشداریی تێدا دەكەن. هاوكات، باسی لە جۆر و ژانری ئەو كتێبانە كرد كە دەزگای ڕۆسا چاپ و بڵاویان دەكاتەوە، لە پێشینەی كارەكانیشان تەرخانكردووە بۆ وەرگێڕانی چەند شاكارێكی جیهانیی كە تاوەكو ئێستا لە ناوەندەكانی چاپ و بڵاوكردنەوە لە هەرێمی كوردستان چاپ نەكراون، ئەوەش بەمەبەستی ناساندنی نووسەر و ڕۆشنبیری نوێ بە خوێنەرانی كورد. كتێبەكانیش بوارەكانی ئەدەب، سیاسەت، مێژوو، ئایین، پەروەردە و منداڵان لەخۆدەگرن.
لە كۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی (ئەحمەد كەمال)ـی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە فێرخوازان، لای خۆشییەوە دەزگای ڕۆسا ئامادەیی دەربڕیی بۆ هاوكاریی فێرخوازان و پەیوەندیی بەردەوام لەنێوان هەردوولادا.







