فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن سەردانی بزاڤی ڕۆشنبیری ئاکرێ دەکەن
لە چوارچێوەی چالاكییە زانستی و ڕۆشنبیرییەكانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی 21/10/2025 ژمارەیەك لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم) سەردانی بزاڤی ڕۆشنبیری ئاكرێیان كرد.
ئازاد مستەفا، بەرپرسی بزاڤی ڕۆشنبیریی ئاكرێ، پێشوازی لە مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان كرد، لە وتەیەکدا تیشكی خستە سەر مێژووی بزاڤی ڕۆشنبیری ئاكرێ و ڕۆڵی لە پێشخستنی كایەی ڕۆشنبیری لە ناوچەكە، هەروەها باسی لە گرنگترین چالاكی و بۆنەكان كرد، كە بزاڤەكە بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگە و بەرزكردنەوەی هۆشیاری ڕێكیان دەخات، لەهەمان کاتدا ئاماژەی بەو قوربانیانە دا کە بزاڤەکە لە پێناو پاراستنی زمان و ناسنامەی کوردییدا داویەتی، بۆ ئەوەش جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامیی کارکردن کردەوە بۆ درووستکردنی نەوەیەکی ڕۆشنبیر.
لە لایەكی ترەوە، بەرپرسی بزاڤی ڕۆشنبیریی ئاكرێ تیشكی خستە سەر گرنگیی بەكارهێنانی میدیای نوێ وەك ئامڕازێكی سەردەمیانە بۆ بڵاوكردنەوەی چالاكییە ڕۆشنبیرییەكان و گەیشتن بە بینەرێكی فراوانتر، هەروەها ئاماژەی بەو ڕۆڵە كرد كە پلاتفۆرمەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ماڵپەڕەكانی ئینتەرنێت دەتوانن لە بەهێزكردنی كارلێككردنی ڕۆشنبیری و دەوڵەمەندكردنی ناوەڕۆكی دیجیتاڵییدا بیگێڕن.
لە كۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی بەرپرسی بزاڤی ڕۆشنبیری ئاكرێی كرد بۆ میوانداریی و پێشوازیكردنەكە، هیوای بەردەوامیی بۆ بزاڤەكە خواست لە هەوڵ و چالاكییە ڕۆشنبیرییەكانیدا، هەروەها هیوای درووستكردنی هاوكارییەكی بەردەوامی خواست لە نێوان بزاڤەكە و ناوەندە ئەكادیمییەكاندا بەشێوەیەك كە خزمەت بە فێرخوازان بكات.






