فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن سەردانی كەناڵی ئاسمانی پەیام لە سلێمانی دەكەن
لە چوارچێوەى گەشتە زانستییەکەیاندا بۆ شارى سلێمانى، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتى (11-10-2025) بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر ئەحمەد جەمال حەمەكەریم، بەشێك لە فێرخوازانی قۆناغى سێیەمى بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر (سەردانی كەناڵی ئاسمانیی پەیام)یان كرد.
بە گەیشتنیان لەلایەن هەریەک لە (عەبباس موحەممەد عەلی) بەڕێوەبەری كەناڵی ئاسمانیی پەیام و (پەیوەند عومەر) ئەندامی تۆڕی میدیایی كۆمەڵ پێشوازییان لێکرا لە وتەیەكدا، بەڕێوەبەری كەناڵی ئاسمانیی پەیام پاش بەخێرهاتنی فێرخوازان، تیشكی خستە سەر دەستپێكی مێژووی تەلەفزیۆنەكە و ڕۆڵی كەناڵی پەیام لە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و پەروەردەكردنی خێزان، هاوكات باسی لە گرنگیی پەیوەندی نێوان دامەزاروە ئەكادیمییەكان و دەزگا میدیاییەكان كرد، بەتایبەت لە هەماهەنگیی نێوان بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆكان و دامەزراوە میدیاییەكان، ئەوەش بەئامانجی تەواوكردنی ئەو ئەركە میدیاییەی كە لەئەستۆی هەردوولادایە.
دواتر (پەیوەند عومەر) ئەندامی تۆڕی میدیایی كۆمەڵ، پاش بەگرنگزانینی ئەو سەردانەی فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن بۆ كەناڵی ئاسمانیی پەیام، پاشان باسی لە ڕۆڵی میدیای نوێ و كاڵبوونەوەی كاریگەریی میدیای نەریتیی كرد لە سەردەمی ئێستادا و مەترسییەكانی درووستبوونی لێشاوێك لە میدیای لەنێو فەزای سۆشیال میدیا، پێی وابوو ئەوە ڕۆڵی زانكۆكانە دەتوانن چارەسەرێكی ڕیشەیی بۆ ئەو كێشانە بدۆزنەوە لەڕێگەی بەرهەمهێنانی ڕۆژنامەنووس و میدیاکاراى بە مۆراڵ و پیشەیی.
پاشان، بەڕێوەبەرى کەناڵى پەیام هاوەڵى فێرخوازانى کرد بۆ بەسەرکردنەوەى بەشە جیاوازەکانى کەناڵەکە، لەو چوارچێوەیەشدا فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنایى کاروبارى بەشەکان بوون بەتایبەت کارکردن لە (ستۆدیۆكانی هەواڵ، ستۆدیۆی بەرنامەكان، ژووری هەواڵ، ژووری كۆنترۆڵ وپەخش) و بەشەكانی دیكەی تەلەفزیۆنەكەیان .
لە كۆتاییدا، مامۆستاى سەرپەرشتیار ئاماژەی بەوەدا زانكۆی جیهان-هەولێر تاكە زانكۆیە لە سەرتاسەری عێراقدا خاوەن تەلەفزیۆن و ڕادیۆی تایبەت بە خۆیەتی و فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆكە لەگەڵ دەستپێكی خوێندنیان تاوەكو دەرچوونیان لەو زانكۆیە سوود لەو دوو دەزگا میدیاییە وەردەگرن و بەشێوەیەكی كرداریی مامەڵە لەگەڵ واقیعی كاركردن لە دەزگای میدیایی دەكەن، دواتریش بەناوی سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر، سوپاسی بەڕێوەبەری كەناڵی ئاسمانی پەیام و سەرجەم بەرپرس و كارمەندانی كەناڵەی كرد لەپای بەدەمەوەبوونیان و پێدانی زانیاری دەربارەی شێوازی كاری میدیایی لە كەناڵەكە، هاوكات جەخت لە پەیوەندیی بەردەوامی نێوان هەردوولا كردەوە بەمەبەستی خزمەتی زیاتری فێرخوازان و كایەی میدیایی لە هەرێمی كوردستان.