فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن سەردانی ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین دەكەن
ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی 13-12-2025 بەشێك لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (احمد جمال حمەكریم)، ناوەندی ڕۆشنبیریی “مەم و زین”یان لە شاری هەولێر بەسەركردەوە.
بە گەیشتنیان؛ “یاران هیوا” بەڕێوەبەری ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین پێشوازی لە مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان كرد و، خۆشحاڵی خۆی بەو چالاكییەی بەشی ڕاگەیاندنی زانكۆی جیهان-هەولێر دەربڕی، هاوكات گفتوگۆیەكی كراوە لەنێوان هەردوولادا ئەنجام درا.
بەڕێوەبەری ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین تیشكی خستە سەر كارەكانی ناوەندەكەیان لە كایەی ڕۆشنبیریی لە هەرێمی كوردستان، هەروەها باسی لەو نوێگەریی و دەستپێشخەرییە كرد كە لە شێوازی كاركردنی ناوەندەكە هەیە، بەتایبەت پەیوەندییەكانیان لە هەر چوار پارچەی كوردستان بۆ بڵاوكردنەوەی بەرهەمە ڕۆشنبیرییەكان و، گەیاندنی كتێبەكانیان بە وڵاتانی ئەورووپا لەپێناو دانەبڕانی كوردانی تاراوگە لە كتێبی چاپكراو بە زمانی كوردی. لە هەمان كاتدا باسی لە گرنگیی خوێندنەوە و زیادكردنی مەعریفە كرد وەك یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی میدیاكاری پێگەیشتوو و سەركەوتوو، بۆ ئەو مەبەستەش ستایشی ئەو چالاكییە ڕۆشنبیرییەی كرد كە بەشی ڕاگەیاندن بۆ فێرخوازانى ڕێکخستبوو.
فێرخوازان بە پرسیار و سەرنجەكانیان بەشدارییان لە گفتووگۆكەدا كرد و، زیاتر ئاشنای كاری ناوەندە ڕۆشنبیرییەكان بوون، پاشان بە گەڕانیان بەنێو كتێبخانەكەدا، چەندین سەرچاوەی زانستی و ڕۆشنبیرییان بەرچاو كەوت كە بۆ كاری ئەكادیمی و پیشەییان سوودی لێ وەردەگرن.
لە كۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی بەڕێوەبەری ناوەندی ڕۆشنبیریی “مەم و زین”ـی كرد و، هیوای خواست لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن لەگەڵ ناوەندە ئەكادیمییەكان بۆ خزمەتی زیاتر بە فێرخوازان.






