فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی بەسەردەكەنەوە
لە گەشتێكی زانستییدا بۆ شاری سلێمانی و درووستكردنی پەیوەندی لەنێوان هەردوولا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتى (11-10-2025) بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر ئەحمەد جەمال حەمەكەریم، گرووپێك لە فێرخوازانی قۆناغى سێیەمى بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر سەردانێكیان بۆ (سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان) ئەنجامدا.
مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لەلایەن هەریەكە لە (ڕەحمان غەریب) ڕێكخەری سەنتەری میترۆ و (دیاری محمد) بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ پێشوازیان لێكرا و دیدارێکیان ئەنجامد، لە سەرەتای دیدارەکەدا، مامۆستا ئەحمەد جەمال وێڕای سوپاسی سەنتەری میترۆى کرد بۆ پێشوازیکردنیان، پاشان تیشكی خستە سەر ڕۆڵی گرنگی سەنتەرەكە لە داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان و بەدەنگەوەهاتنى لەو كێشە و گرفت و پێشێلكارییانەی ڕووبەڕووی میدیاکارانى هەرێمی كوردستان دەبێتەوە. هاوكات باسی لە ڕۆڵی بەشی راگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر كرد سەبارەت بەو دیدگا و پەیامەی دایڕشتووە بۆ پێگەیاندنی ڕۆژنامەنووسی كارا و پیشەیی.
پاشان ڕەحمان غەریب، ڕێكخەری سەنتەری میترۆ باسی لە گرنگترین ئەو كاروچالاكییەكانە كرد، كە وەكو هەوڵێك بۆ دەستەبەركردنی ئازادیی كاری ڕۆژنامەوانیی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامیان داوە، هەروەها ئاماژەى بە پەیوەندییەگشتییەكانیان بۆ داكۆكی لە ڕۆژنامەنووسان و بەدەمەوەبوونی سەرجەم ئەو كەیسانە کرد، کە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان بووەتەوە. هاوكات تیشكی خستە سەر هەماهەنگی نێوان سەنتەری میترۆ و زانكۆكان بۆ پێشكەشكردنی كاروچالاكی زانستی و هۆشیاریی ۆ فێرخوازانى بەشەكانی ڕاگەیاندن، هیواشى خواست بەشەکانى ڕاگەیاندن لە زانکۆکان ڕۆڵى خۆیان بۆ رێکخستنەوەى کاروبارى میدیا لە هەرێمى کوردستان بەشێوەیەکى کارا بخەنەڕوو.
هەر لە دیدارەکەدا، دیاری محمد، بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ، باسی لە دوایین پێشهاتەكانی بارودۆخى ئازادیی ڕۆژنامەگەری كرد و تیشكی خستە سەر ئەو ئاستەنگانەی كە ڕووبەرووی ڕۆژنامەنووسان دەبێتەوە لەكاتی جێبەجێكردنی ئەركە ڕۆژنامەوانییەكاندا، هەروەها باسى لەو لەمپەرانە کرد، کە دەخرێنە بەردەم كارەكانی سەنتەری میترۆ لە داكۆكییكردنیان لە ڕۆژنامەنووسان و دامەزراوە میدیاییەكان.
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن چالاكانە بەشدارییان لە گفتوگۆكەدا كرد و چەندین سەرنج و پرسیار و پێشنیاریان ئاڕاستەی بەرپرسانى سەنتەری میترۆ كرد، لە بەرامبەردا ڕێكخەری سەنتەری میترۆ پاش وەڵامدانەوەی پرسیاری فێرخوازان، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە زانكۆی جیهان-هەولێر خاوەنی كۆمەڵێك فێرخوازى ئاستبەرز و هۆشیارن، كە دەتوانن ببنە ڕۆژنامەنووسی پیشەیی و خزمەت بەو كایە گرنگە بكەن.
لەكۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار بەناوی سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندنەوە پێزانینی خۆی بۆ ئەنجامدانی ئەو دیدارە گرنگە دووپاتكردەوە و هەردوولا ڕێككەوتن كە لە ماوەكانی داهاتوودا چالاكیی هاوبەش لەنێو زانكۆی جیهان-هەولێر پێشكەش بە فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن بكەن.