فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە قوتابخانەیەكی بنەڕەتی باس لە زیانەکانى بەكارهێنانی مۆبایل و یارییەئەلیكترۆنییەكان دەکەن
ڕۆژی یەكشەممە 25-1-2026 ژمارەیەک لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر سەردانى قوتابخانەی لەیلا زانای بنەڕەتیی كچان لە شاری هەولێر کرد و، سیمینارێكیان بە ناونیشانی (بەكارهێنانی مۆبایل و یارییە ئەلیكترۆنییەكان)یان پێشكەشى قوتابیانى قوتابخانەکە كرد.
چالاكییەكە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود) بەڕێوەچوو، هەریەكە لە عەبدوڵڵا ئەحمەد، ڕێبوار موحەممەد، دالیا وەسفی، هیبە هشام فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن بەشدارییان تێیدا كرد. سەرەتا فێرخوازان لەلایەن مامۆستا (هۆزان قەیس نوورەددین) بەڕێوەبەری قوتابخانە و، مامۆستا (ئەحمەد موحەممەد) یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە پێشوازییان لێ كرا.
پاشان لە هۆڵى چالاکى قوتابخانەکە فێرخواز ڕێبوار محمد عەلی، لە سەرەتای سیمینارەكەدا وەك هاوسۆزیی و پاڵپشتییەك بۆ كوردانی ڕۆژئاوا، تیشكی خستە سەر دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و، باسی لە بارودۆخی خوشك و برا كوردەكان كرد لەو ناوچانەی كە حكومەتی سووریا لە ئێستادا هێرشی كردوونەتە سەر، هەروەها باسی لە گرنگیی هاوسۆزبوون و هاوهەڵوێستیی كرد بەرامبەر ئەو زوڵم و ستەمەی لەو پارچەیەی كوردستان دەكرێت، ئەوەش بەمەبەستی چاندنی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی لەنێو فێرخوازانی ئامادەبوو لە سیمینارەكە.
لە بەشی یەكەمی سیمینارەكەدا، فێرخواز ڕێبوار موحەممەد بە وردی تیشکی خستە سەر لایەنە باش و خراپەكانی بەكارهێنانی موبایل؛ ئاماژەی بەوە کرد کە مۆبایل ئەگەرچی ئامڕازێکی گرنگی پەیوەندیی و فێربوونە و دەکرێت وەک کتێبخانەیەکی گەڕۆک سوودی لێ ببینرێت، بەڵام بەکارهێنانی درێژخایەن دەبێتە هۆی دابڕانی کۆمەڵایەتی و تێکچوونی خەو و کزبوونی چاو. جەختیشی کردەوە کە دەبێت فێرخوازان کاتەکانیان ڕێکبخەن و مۆبایل تەنها بۆ پەرەپێدانی توانا و زانیارییەكانیان بەکاربهێنن نەک وەک هۆکارێک بۆ بەفیڕۆدانی کات.
پاشان، تیشكی خستە سەر زیانەكانی سەرقاڵبوونی زۆر بە یارییە ئەلیكترۆنییەكان و ڕوونی کردەوە کە ئەم یارییانە چۆن دەبنە هۆی درووستبوونی دڵەڕاوکێ، گۆشەگیریی و، هەندێکجاریش توندوتیژی. ڕێبوار موحەممەد هۆشداری دا لەوەی کە سەرقاڵبوونی زۆر بەم یارییانە نەک تەنها کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی خوێندن درووست دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی تەمبەڵیی جەستەیی و دوورکەوتنەوە لە چالاکییە وەرزشییەکان، بۆیە داوای لە فێرخوازان کرد کە هاوسەنگی بپارێزن و ڕێگە نەدەن یارییە ئەلیکترۆنییەکان کۆنترۆڵی ژیانی ڕۆژانەیان بکەن.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، بەڕێوەبەر و ستافی قوتابخانەی لەیلا زانای بنەڕەتیی كچان سوپاسی فێرخوازان و بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان-هەولێریان کرد بۆ ئەم دەسپێشخەرییە زانستییە، هیوایان خواست چالاكییە هۆشیارییەكان بەردەوامییان هەبێت لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری قوتابیان.







