فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە پەیمانگەی ڕووناکیی نابینایان باس لە بڕوابەخۆبوون دەکەن
لە چوارچێوەی چالاکییە زانستییەكانیدا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٦، بەشێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود)، سەردانێکی مەیدانییان بۆ (پەیمانگەی ڕووناکی بۆ نابینایان) ئەنجامدا.
لەگەڵ گەیشتنیان، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە لایەن هەردوو مامۆستایان ( گوڵان عیسام) و ( ئوسامە ئیبراهیم) و كارگێڕیی پەیمانگەكە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان فێرخوازان (زینە ئەحمەد شەریف، ڕۆنیدا ئیدریس، سارە هەیسەم) ناوەڕۆکى بابەتەکەیان پێشکەش کرد و، تێیدا تیشکیان خستە سەر چۆنیەتى چاندنی تۆوی بڕوابەخۆبوون، بۆ ئەوەش بەسودوەرگرتن لە ئەزومونى واقیى باسى ئەوەیان کرد کە چۆن قوتابی دەتوانێت بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگەكان ببێتەوە و تواناکانی خۆی پەرەپێ بدات. هاوکات باسیان لە ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەکان کرد، كە تێیدا ڕوونکردنەوەی ڕێگەکانی زاڵبوون بەسەر دڵەڕاوکێ و هونەری ڕێکخستنی کات بۆ بەدەستهێنانی بەرزترین نمرە خرانە ڕوو.
لە كۆتایی چالاكییەكەدا، كارگێڕیی پەیمانگەی ڕووناكی بۆ نابینایان سوپاس و دەستخۆشییان ئاڕاستەی فێرخوازان و بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر كرد بۆ پێشكەشكردنی ئەو سیمینارە گرنگە، هیوایان خوست چالاكییە هاوشێوەكان بۆ خزمەتی زیاتری قوتابیان بەردەوامییان هەبێت.







