فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن هەنگاوەکانی سەرکەوتن بۆ قوتابیانی ئامادەییەک ڕوون دەکەنەوە
ڕۆژی پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٩/١/٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود)، سیمینارێکیان لە بە ناونیشانی “ئامانج و سەرکەوتن” بۆ قوتابیانی ئامادەیی محەمەد ناسری کچان لە شاری هەولێر ئەنجام دا.
لە سەرەتای چالاکییەکەدا، مامۆستا شیرین عومەر عەرەبۆک، بەڕێوەبەری ئامادەیی محەمەد ناسری کچان و، بێخاڵ عوسمان محەمەد توێژەری کۆمەڵایەتی، پێشوازییان لە فێرخوازانی زانکۆ کرد و سوپاسی بەشی ڕاگەیاندنیان کرد بۆ هەڵبژاردنی قوتابخانەکەیان و پێشکەشکردنی سیمیناری تایبەت بە هاندان و هۆشیاری بۆ قوتابیان.
ناوەڕۆکی سیمینارەکە لەلایەن فێرخوازان (زێڕەڤان تەمۆ، کارزان وەحید، ئاسۆ عەلی) پێشکەش کرا. لە بەشی یەکەمی سیمینارەکەدا، فێرخواز زێڕەڤان تەمۆ ئاماژەی بە پرۆسەی خۆناسین (خودناسی) کرد وەک هەنگاوی یەکەم بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن؛ باسی لەوە کرد چۆن قوتابی لەم تەمەنەدا دەتوانێت لە ڕێگەی ناسینی خودی خۆیەوە هەنگاوەکانی بۆ داهاتوو دیار بکات و ڕێچکەی سەرکەوتن بدۆزێتەوە. لە بەشی دووەمی سیمینارەکەدا، کارزان وەحید قۆناغەکانی دیاریکردنی ئامانجی بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە کە بریتین لە سێ پرسیاری بنەڕەتی: (خولیام چییە؟ بەهرەکانم چین؟ بەهاکانی من چین؟). جەختی لەوە کردەوە کە لە ڕێگەی ئەم سێ بنەمایەوە مرۆڤ دەتوانێت سەرکەوتن بە پێوەری تایبەتیی خۆی تۆمار بکات، چونکە بەدیاریکردنی خولیا و بەهرەکان، مرۆڤ دەتوانێت بە شێوازێکی پلانبۆداڕێژراو هەنگاو بنێت.
لە کۆتا تەوەری سیمینارەکەدا، فێرخواز ئاسۆ عەلی لەسەر هەمان بابەت چەند نموونەیەکی دیاری لەبارەی تێگەیشتن لە سەرکەوتن و هەنگاونان بۆ بەدەستهێنانی خستە ڕوو. هانی قوتابیانی دا کە لە پێناو ئایندەیەکی گەش بۆ خۆیان، خێزان و نەتەوەکەیان، ئامانجی ڕوون و هەنگاوی دروست بنێن، ڕێگریش بکەن لەوەی کۆسپ و تەگەرەکان ببنە هۆکاری پاشەکشە لە ئامانجەکانیان.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی ئامادەیی محەمەد ناسری کچان دەستخۆشی لە هەر سێ فێرخوازەکە کرد بۆ پێشکەشکردنی ناوەڕۆکی سیمینارەکە و هیوایان خواست ئەم جۆرە چالاکییانە بەردەوامییان هەبێت لە پێناو بنیاتنانی بناغەیەکی پتەو بۆ نەوەیەکی سەرکەوتوو.






