فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن هەڵمەتێکی هۆشیاریی بۆ ناساندنی گرنگیی خوێندنی زانکۆیی ئەنجام دەدەن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (٢/٢/٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکی هۆشیاریی بەرفراوانی بە ناونیشانی “لە زانکۆوە بۆ داهاتوویەکی باشتر” لەنێو شاری هەولێر و قەزای پیرمام ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە کە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەکەریم) بەڕێوەچوو، تێیدا هەریەک لە (لاوین نەجات، سۆلین تەیب و زوحا ئەرجومەنت) فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن ، بڵاوکراوەیەکی تایبەتیان بە ناونیشانی “لە زانکۆوە بۆ داهاتوویەکی باشتر؛ بۆچی پێویستە بچینە زانکۆ؟” بەسەر هاوڵاتییاندا دابەش کرد. لە ناوەڕۆکی بڵاوکراوەکەدا، بە وردی تیشک خرابووە سەر شەش تەوەر و هۆکاری سەرەکی کە وا لە گەنجان دەکات ڕوو لە خوێندنی زانکۆیی بکەن بە مەبەستی بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر، کە تیایدا جەخت لەسەر ئەوە کرابوە و، زانکۆ وەک ناوەندێکی ئەکادیمی، تەنها بڕوانامە نابەخشێت، بەڵکو زانیاریی قووڵ و توانای شیکاریی بە فێرخواز دەدات تا لە بواری پسپۆڕیی خۆیدا ببێتە شارەزا، هاوکا زانکۆ دەرفەتی زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت تاوەکو لە بازاڕی کاردا پێگەیەکی بەهێزیان هەبێت و کێبڕکێ لەسەر وەدەستهێنانی پیشەی شایستە بکەن.
هەڵمەتەکە جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، کە ژیانى زانکۆیی یارمەتی گەنج دەدات کەسایەتیی خۆی گەشە پێ بدات، فێری بڕیاردانی سەربەخۆ، بەڕێوەبردنی کات و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکانی ژیان ببێت، جگە لەوەش خوێندنى باڵا بەردی بناغەیەکە کە سەقامگیریی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ تاک و خێزانەکەی لە داهاتوودا مسۆگەر دەکات، ئەوەش باسکرابوو، کە فێرخوازان لە ڕێگەی ئەو زانستەی لە زانکۆ وەری دەگرن، دەبنە هێزێکی کارا بۆ خزمەتکردنی نیشتمان و چارەسەرکردنی کێشە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، ژینگەی زانکۆ دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی گەنجان بەهرە شاراوەکانی خۆیان بدۆزنەوە و ئاراستەی ژیانیان بەرەو ئەو ئامانجانە ببەن کە خەونی پێوە دەبینن.
ئەم چالاکییەی فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن، ڕەنگدانەوەی ئەو ستراتیژییەتەیە کە بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر پەیڕەوی دەکات، بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی پێگەی زانکۆ وەک ناوەندێکی ئەکادیمیی کاریگەر لە پێگەیاندنی نەوەکانی داهاتوودا.







