فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن کاریگەرییە دەروونییەکانی سۆشیاڵ میدیا بۆ قوتابیانی پەیمانگەی ماد ڕوون دەکەنەوە
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (١٨/٢/٢٠٢٦)، گرووپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سیمینارێکی زانستییان بە ناونیشانی “سایکۆلۆژیای کاریگەریی دیجیتاڵی” لە پەیمانگەی ماد پێشکەش کرد.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود) بەڕێوەچوو، کە سەرەتا لەلایەن مامۆستا (دەریا عەبدولڕەحمان) سەرپەرشتیاری پەیمانگەی ماد، پێشوازییەکی گەرم لە شاندی فێرخوازان کرا، پاشان ناوەڕۆکی سیمینارەکە لەلایەن سێ فێرخوازى بەشى ڕاگەیاندن پێشکەش کرا؛ لە سەرەتادا فێرخواز (یوسف ئەحمەد خدر) تیشکی خستە سەر کاریگەرییە سایکۆلۆژییەکانی پلاتفۆرمە میدیاییەکان و هەردوو تیۆریی “چوارچێوەسازی (Framing)” و “کارنامەسازی (Agenda Setting)”ی بۆ قوتابیان شیکردەوە، هاوکات جیاوازیی نێوان میدیای کلاسیکی و دیجیتاڵی ڕوون کردەوە، کە چۆن لەسەر بنەمای ئاڕاستەکردنی ڕاستەوخۆی بەکارهێنەر کار دەکەن. دواتر فێرخواز (عەبدوڵا ئەمجەد ناسر) باسی لە کاریگەرییە عەقڵییەکانی جیهانی دیجیتاڵ کرد و، ئاماژەی بە ڕۆڵی هۆرمۆنی “دۆپامین (Dopamine)” دا لە دروستکردنی هەستی چێژ و وابەستەبوونی بەردەوام بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی تەرکیزی قوتابیان.
لە تەوەرەی کۆتایی سیمینارەکەدا، فێرخواز (وەدیع ویسام وەدیع) میکانیزمی کارکردنی ئەلگۆریتمەکان (Algorithms)ی بۆ قوتابیان شی کردەوە و ڕوونی کردەوە کە چۆن ئەم سیستمە زیرەکانە ڕەفتاری بەکارهێنەر شیدەکەنەوە بۆ دیاریکردنی جۆری ئەو ناوەڕۆکەی کە پیشانیان دەدرێت، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر شێوازی بڕیاردان و هەڵبژاردنی بینەران هەیە.
چالاکییەکە بە گفتوگۆیەکی زانستی لە نێوان فێرخوازان و قوتابیانی پەیمانگەکە کۆتایی هات. لە کۆتایشدا مامۆستا دەریا عەبدولڕەحمان سوپاسی زانکۆی جیهان-هەولێر و فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندنی کرد بۆ گواستنەوەی ئەم زانیارییە زانستییە گرنگانە کە یارمەتیدەرن بۆ پاراستنی هاوسەنگیی دەروونی و زانستیی قوتابیان لە ناو جیهانی دیجیتاڵیدا.








