فێرخوازانی بەشی ژمێریاری سەردانی کۆمپانیای (DIL Technology) دەکەن
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٤/١١/٢٠٢٥، سەرۆکایەتى بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان-هەولێر گەشتێکی زانستیی بۆ کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشەکەی بۆ کۆمپانیای دڵ تەکنۆلۆجی (DIL Technology) بۆ پەیوەندییەکان ڕێکخست.
سەردانە زانستیەکە بە سەرپەرشتیی دکتۆر (ئیبراهیم حسێن ئەحمەد) بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان؛ فێرخوازان لەلایەن (نەبەز جەمیل) بەڕێوەبەری بەشی سەرچاوە مرۆییەکان و، (یوسف عومەر عەبدوڵڵا) ژمێریاری کۆمپانیا پێشوازییان لێ کرا. بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا یوسف عومەر عەبدوڵڵا شیکردنەوەیەکی دەربارەی سووڕی کڕین (Purchasing Cycle) پێشکەش بە فێرخوازان کرد، هەر دەستپێکردن لە واژۆکردنی گرێبەستەوە تا دەگاتە دانەوەی بڕی کڕینەکان، هەروەها پرۆسەکانی وەرگرتن و داخڵکردنی کۆگایی بۆ کڕینەکان. هەروەها وردەکاریی پرۆسەی چاودێریی ناوخۆیی بۆ سووڕی کڕین و ڕێکارەکانی ڕاستکردنەوەی هەڵەکان (ئەگەر هەبێت) و وردبینیی ناوخۆیی بۆ دەرکردنی پسوولەکان و دانەوەی پارەی کڕینەکانی بەوردى بۆ فێرخوازان خستەڕوو.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا یوسف عومەر عەبدوڵڵا شیکردنەوەیەکی تێروتەسەلی دەربارەی سووڕی فرۆشتن (Sales Cycle) پێشکەش کرد، لە ئامادەکردنی لیستی فرۆشتن و خەرجکردنی ماددەکان لە کۆگاکان و ڕێکارە کۆگاییە پێویستەکانەوە، تا دەگاتە کۆکردنەوەی پارەی فرۆشتن و تۆمارکردنی فرۆشتن و کڕینەکان، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی ڕێکارەکانی چاودێریی ناوخۆیی لە ماوەی سووڕی فرۆشتندا.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا، بەڕێوەبەری ژمێریاری باسی لە چۆنیەتیی ئامادەکردنی لیستە داراییەکان (Financial Statements) و کاتەکانی کرد، هەروەها جێبەجێکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی ژمێریاری (IAS) و پێوەرەکانی ڕاپۆرتکردنی دارایی (IFRS). بۆ ئەوەش ئاماژەی بەوە دا کە کۆمپانیاکە کار بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی ژمێریاری (1, 2, 16, 21) و پێوەرەکانی ڕاپۆرتکردنی دارایی (1, 15, 16, 18) دەکات، لەگەڵ چەند پێوەرێکی دیکە کە دەستیان بە جێبەجێکردنی کردووە.
لە کۆتاییدا، د. ئیبراهیم حسێن ئەحمەد سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان و بەڕێوەبەری ژمێریاری کرد بۆ پێشوازییە گەرمەکەیان و زانیارییە بەنرخەکانیان بە فێرخوازان.






