فێرخوازانی بەشی ژمێریاری کۆمەڵێک هاوکارییان گەیاندە قوتابخانەی “شارستانى کچان”
بە مەبەستی چەسپاندنی بەهاکانی هاوکاری و تەبایی کۆمەڵایەتی، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (٢٧/١/٢٠٢٦)، سەردانێکی مەیدانی مرۆییان بۆ ئامادەیی “شارستان”ی کچان لە شاری هەولێر ڕێکخست.
لە سەرەتای سەردانەکەدا، شاندی فێرخوازان لە لایەن خاتوو “ڕووناک یاقووب” بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و ستافی مامۆستایانەوە پێشوازییان لێکرا. لە کۆبوونەوەیەکی کورتدا، میکانیزمی دابەشکردنی هاوکارییەکان بەسەر ئەو فێرخوازانەی کە لە خێزانە کەمدەرامەتەکانن دیاری کرا، بە جۆرێک کە هاوکارییەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو و پارێزراو بگەنە دەستی شایستەکان.
ئەم چالاکییە کە بە سەرپەرشتی مامۆستا “ڕێبین بیلال محەمەد” بەڕێوەچوو، تێیدا فێرخوازانی زانکۆ دەستیان کرد بە دابەشکردنی ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی کە پێشتر کۆکرابوونەوە. هاوکارییەکان پێداویستی جۆراوجۆریان لەخۆ گرتبوو بۆ باشترکردنی باری گوزەران و ڕەخساندنی کەشێکی گونجاوتر بۆ خوێندنی قوتابیانى قوتابخانەکە. جگە لە هاوکارییەکان، فێرخوازانی زانکۆ پاڵپشتییەکی مەعنویی گەورەیان پێشکەش بە خوشکە قوتابییەکانیان کرد و هانیان دان بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن سەرەڕای ئاستەنگە داراییەکان.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، کارگێڕی قوتابخانەی “شارستان” ى کچان سوپاسی بێپایانی خۆیان ئاراستەی فێرخوازانی بەشی ژمێریاری و سەرۆکایەتی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد بۆ ئەم هەڵوێستە نیشتمانی و مرۆییە. هەروەها ستایشی ئاستی بەرزی ڕێکخستن و دیسپلینی فێرخوازانی زانکۆیان کرد.







