فێرخوازانی بەشی یاسا؛ سەردانێکی مرۆیی و خێرخوازییان بۆ خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر ئەنجامدا
بۆ بەهێزکردنی گیانی هاوکاری و لێپرسراوێتیی نیشتمانی، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی یاسا، ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتی (2026/1/29)، سەردانێکی مەیدانی و خێرخوازییان بۆ خانەی بێسەرپەرشتان ڕێکخست.
ئەم دەسپێشخەرییە مرۆییە، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر”سامان حەسەن عەلی” بەڕێوەچوو، لە کاتی گەیشتنیان، شاندی زانکۆ لەلایەن “ژینۆ ئازاد”، بەڕێوەبەری خانەکە، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا و دەستخۆشی لەم هەنگاوە نیشتمانی و مرۆییەی بەشی یاسا کرا. لەکاتی بەسەرکردنەوەی بەشە جیاوازەکانی خانەکەدا، بە یاوەری “ئەیوب عەبدوڵا”، یاریدەدەری بەڕێوەبەری خانەکە، فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای ژینگەی ژیانی منداڵەکان و ئەو ئاستەنگانە بوون کە ڕووبەڕووی ئەم جۆرە ناوەندە خزمەتگوزارییانە دەبنەوە، لەو چوارچێوەیەشدا فێرخوازانی بەشی یاسا کۆمەڵێک پێداویستیی سەرەکی و بنەڕەتییان بۆ کۆرپەلە و منداڵە تەمەن بچووکەکان دابین کرد، کە ڕۆڵێکی گرنگی لە پڕکردنەوەی پێداویستییە ڕۆژانەکانیان دەبێ. ئەم چالاکییە تەنها دابینکردنی پێداویستیە ماددی نەبوو، بەڵکو دەرفەتێک بوو بۆ فێرخوازان تا لە ڕێگەی کات بەسەربردن و کارلێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ منداڵەکان، گیانی مرۆڤدۆستی و بەزەیی لە ناخی خۆیاندا چڕتر بکەنەوە.
لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى خانەکە و گفتوگۆکانی نێوانیاندا فێرخوازان و مامۆستای سەرپەرشتیار جەختیان لەسەر بەردەوامیی پاڵپشتییەکانیان بۆ ئەم ناوەندانە کردەوە، هاوکات بەڕێوەبەری خانەی بێسەرپەرشتان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم سەردانانە هیوایەکی گەورە بە منداڵەکان دەبەخشێت و هەستی ئەوەیان لێ دروست دەکات کە کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو و خەمخۆر لە دەوریانە.
چالاکییەکە بە پێشکەشکردنی سوپاسنامە و جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی بەشداریی مەدەنیی گەنجان لە چاکسازیی کۆمەڵایەتیدا کۆتایی هات.







