فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە زانکۆی ” SGGW ” بەشدارى لە ڕاهێنانێکی پسپۆڕی تایبەت بە ئەنزیمۆلۆجی دەکەن
لە بەر ڕۆشنایی چوارچێوەى چالاکییە زانستییەکانیاندا، فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر؛ بەشدارییان لە خولێکى ڕاهێنانى تاقیگەیی پێشکەوتوو و تایبەت بە “ئەنزیمۆلۆجی – Enzymology” لە زانکۆی وارشۆ بۆ زانستە زیندووەکان (SGGW) لە وڵاتی پۆڵەندا کرد.
خولەکە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٢٠٢٦/٤/٢)، بە سەرپەرشتی دکتۆر هاب ئورزولا جانکیڤیچ (Dr hab. inż. Urszula Jankiewicz) پسپۆڕى بوارە و بەپێی ستانداردە جیهانییەکانی توێژینەوەی تاقیگەیی بەڕێوەچوو، تیایدا هەریەک لە (کۆسرەت ئازاد خدر و ڕەوا عبدالستار جبار) فێرخوازانى قۆناغى دووەمى بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى بەشێوەیەکى سەرکەوتوو بەشداریان لە ڕاهێنانەکەدا کرد.
لە میانی ئەم ڕاهێنانە پسپۆڕییەدا، مامۆستاى سەرپەرشتیار بە شێوەیەکی ورد تیشکی خستە سەر میکانیزمەکانی “ڕێگریکردن لە چالاکیی ئەنزیمەکان (Enzyme Inhibition)”، بۆ ئەوەش فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە ژینگەیەکی تاقیگەیی ستاندارد و پڕۆفیشناڵدا لە نزیکەوە ئاشنای پڕۆسە بایۆکیمیاییەکان بوون، کە یەکێکە لە بابەتە هەرە گرنگەکانی بایۆکیمیا و دەرمانسازی؛ تێیدا لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی تاقیگەیی و بەکارهێنانی ئامێری پێشکەوتوو، لێکۆڵینەوەیان کرد لەسەر ئەوەی چۆن ماددە دەرەکییەکان دەتوانن کارلێکە ئەنزیمییەکان کەم بکەنەوە یان ڕایانبگرن.
وەک ئەوەى فێرخوازان باسیان لێوەکرد، ئەم ئەزموونە مەیدانییە دەرفەتێکی دەگمەنی بۆ ڕەخساندن تاوەکو لە نزیکەوە ئاشنای شێوازی کارکردنی دەرمانەکان و ڕێکخستنی پرۆسە میتابۆلیمییەکان بن، ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر قووڵکردنەوەی تێگەیشتنیان بۆ زانستی بواری مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی و بەدیاریکراوى بایۆکیمیا و مایکرۆبایۆلۆجی هەبوو.








